لە هەولێر نەخشەی نوێی زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری تەواوکرا

لە هەولێر نەخشەی نوێی زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری تەواوکرا
نەخشەی نوێی زەوییەکانی قەرەبووکردنەوەی هاوبەشەکانی گوندی کۆری لە هەولێر کۆتاییهات نەخشە و دیزاینێکی نوێی بۆ دیاریکراوە بۆ ئەوەی ئامادەبێت تاوەکو هاونیشتمانییان ئاوەدانی بکەنەوە.

سیامەند کەریم، گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر راگەیاند، "لیژنەی سەرپەرشتیاری زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری لە رێگەی لیژنەکانی نەخشەدانانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی، بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر کارەکانی راستکردنەوەی نەخشەی زەوییەکان کە لەبەرژەوەندیی ئەو خەڵکەیە کە زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆرییان پێدراوە تەواو کرا."

گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، لە نزیکترین کاتدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لەگەڵ نوێنەری سوودمەندانی زەوییەکانی گوندی کۆری بۆ پێدانی زانیاریی زیاتر لەبارەی زەوییەکان و جێبەجێکردنی رێکارەکان کۆدەبێتەوە.

زەوییەکان ژمارەیان 4200 پارچەی 200 مەترین و دراونەتە ئەو هاوبەشانەی کە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا بۆ کڕینی خانوو لە گوندی کۆری 7 هەزار دۆلاریان دابوو.

دوای ئەوەی زۆربە هاوبەشەکان خانوویان پێنەدرا، لە قۆناخی یەکەمدا پارەکەیان بۆ گەڕێنرایەوە و ئێستاش پارچە زەوییەکی 200 مەترییان لە نزیک هەولێر پێدراوە.
rudaw -
Top