لەناو پەرلەمانی تورکیاوە هەوڵی بڕینی هاوكارییە دارایییەکانی هەدەپە دەدرێت
ماڵپەڕی (T24)ی توركی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەكی نهێنی بڵاوی كردووەتەوە، هەدەپە لەلایەن ئاكەپە و مەهەپەوە بە دوو هەنگاو سزا دەدرێت.
لە هەنگاوی یەكەمدا سزای ئابووریی هەدەپە دەدەن، ئەویش بڕینی ئەو پارەیەیە كە ساڵانە لە لایەن وەزارەتی داراییەوە وەکوو پارتێکی سیاسی بۆی بڕاوەتەوە.
لە بودجەی ٢٠٢١ دا، هەدەپە بری ٥٧ ملیۆن و ٥٥٠ هەزار لیرەی توركی بۆ بڕاوەتەوە، بە گوێرەی زانیارییەكان، لە مادەی ٦٨ی دەستووری توركیادا هاتووە، بۆیان هەیە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران ئەو هاوكارییە ئابوورییە ببڕن.
باس لەوەش دەكرێت، لە هەنگاوی دووەمدا واتە دوای ئەوەی هاوكاریی داراییان لە هەدەپە بڕی، ئیدی ئامادەكاری دەكرێت بۆ داخستنی هەدەپە، ئەویش بە گۆڕینی مادەی ١٠١ دەستووری توركیا، كە تایبەتە بە داخستنی پارتی سیاسی لە توركیا.
زۆرێك لە سەركردەكانی ئاكەپە لەگەڵ داخستنی هەدەپە نین، بەڵام مەهەپە هەڕەشەی كردووە ئەگەر هەدەپە دانەخرێت، ئەوانیش لە هاوپەیمانی لەگەڵ ئاكەپە دەكشێنەوە.
پێشتریش مەدحەت سینجار هاوسەرۆكیپارتی دیموکراتی گەلان (HDP) ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ئەگەر هەدەپە دابخەن لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لەژێر ناوێكی تردا، پارتێكی تر دروست دەكەن.
لە ساڵانی ١٩٩٠وە تاكوو ٢٠٠٢ لە توركیا ٩ پارتی سیاسیی كوردی بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكەن داخراون.
لە دوای هەوڵی كودەتاكەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ لە توركیا، هەدەپە وەكوو باڵێكی سیاسیی پەكەكە تۆمەتبار دەكرێت و لە تەواوی میدیای توركیا بایكۆت كراوە و دەیان سەرۆك شارەوانی و هەزاران ئەندامیشیان دەستگیر كراون.
باسنيوز
