شنگال.. مێرمنداڵێک بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست دا
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی (کوردستان24) ئەو مینە پاشماوەی چەکدارانی داعشە لە کۆمەڵگەی تلبەناتی باشووری شنگال و بەهۆیەوە مێرمنداڵک بەناوی زەمان عیدۆ، بووەتە قوربانی و گیانی لەدەست داوە.
سەرەڕای زۆریی ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی داعشەوە لە شنگال و دەوروبەری ئاوارە بوون، لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی مینە چێندراوەکانی داعشیشەوە چەندین کەس کوژراون، یان بریندار بوون.
لە ساڵی 2015ـەوە لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی هێزەکانی پێشمەرگە شنگال رزگار کرا، بەڵام بەهۆی بوونی گرووپە چەکدارەکانەوە تا ئێستا نەتواندراوە هەموو شوێنێکی بەتەواوی لە مین پاک بکرێتەوە و شنگال لەڕووی ئەمنییەوە لە دۆخێکی ناجێگیر دایە.
سەرەڕای ئەوەی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال ڕێککەوتن کراوە و داوا لە گرووپە چەکدارە ناشەرعییەکان کراوە قەزای شنگال چۆڵ بکەن، بەڵام هێشتا گرووپەکانی سەر بە پەکەکە و حەشدی شەعبی ناوچەکەیان چۆڵ نەکردووە و ئەمەش مەترسییە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی شنگال و هێشتا زۆربەی ئاوارەکان بەم بۆنەوە نەگەڕاونەتەوە.
باسنيوز
