زیاتر لە ٥١٪ی هاووڵاتییانی توركیا پێکوتەی كۆرۆنا بەكار ناهێنن
تاكوو ئێستا بەشێكی زۆری هاووڵاتییانی توركیا بڕوایان بەو پێکوتەی كۆرۆنایە نییە کە تورکیا کڕیویە، بۆیە دەڵێن ئەگەر بگاتە توركیاش لە خۆمانی نادەین، چونكە ترسیان هەیە لە داهاتوودا تووشی نەخۆشی ببنەوە.
دەزگای لێكۆڵینەوەی (مێترۆپۆل)ی توركی، لە ڕاپرسییەكدا لەگەڵ هاووڵاتییانی توركیا، لەبارەی ئەوەی ئەگەر پێکوتەی كۆرۆنا بگاتە توركیا لە خۆتی دەدەیت؟ رێژەیەكی زۆری هاووڵاتییان بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە.
بە گوێرەی ئەنجامی راپرسییەكە، ٥١.٥٪ی هاووڵاتییان گوتوویانە لە خۆمانی نادەین و بڕوامان پێی نییە، لە بەرامبەردا ٤٨.٥٪ی هاووڵاتییان بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە و گوتوویانە لە خۆمانی دەدەین.
هەر بە گوێرەی ئەنجامی ڕاپرسیی هەمان دەزگا، لایەنگرانی پارتە سیاسییەكانی توركیا بەسەر دوو بەرەی بەڵێ و نەخێر بۆ بەكارهێنانی فاكسینی كۆرۆنا دابەش بوون.
٥٩.١٪ی لایەنگرانی ئاكەپە پێکوتە بەكار دەهێنن و ٣٧.٢٪ لە لایەنگرانی جەهەپەش بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە و پێکوتەکە بەكار دەهێنن.
لایەنگرانی هەدەپە تا ئاستێكی باش پێشوازی لە پێکوتەی كۆرۆنا دەكەن و ٥٥.١٪ی بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە.
باسنيوز
