کۆمەڵەی حیزبی کۆمیۆنیست مەرجی هەیە بۆ هاوکاریکردنی لایەنەکانی دیکەی کۆمەڵە

کۆمەڵەی حیزبی کۆمیۆنیست مەرجی هەیە بۆ هاوکاریکردنی لایەنەکانی دیکەی کۆمەڵە
سکرتێری کۆمەڵە - رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمیۆنیستی ئێران رایگەیاند، ئەوان "لەگەڵ ئەو لایەنانەی دیکەی کە خۆیان بە کۆمەڵە دەناسێنن جیاوازن و ناچنە خانەی یەکگرتنەوە".

ئیبراهیم عەلیزادە، سکرتێری کۆمەڵە - رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمیۆنیستی ئێران لەمیانەی بەشداریکردنی لە رووماڵی بۆ رووداوەکانی ساڵی 2020 رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەڕووی ستراتیژی، تاکتیکی و سیاسییەوە کێشە و ناکۆکییان هەیە و ئەوەش دەبێتە بەربەست لەبەردەم هاوکاریی نێوانیان.

سکرتێری کۆمەڵە - رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمیۆنیستی ئێران دەشڵێت، ئەگەر دوو لایەنەکە ستراتیژی و تاکتیکیی سیاسییان بگۆڕن، دەرفەت بۆ یەکگرتنەوە و هاوکاریی زیاتر لەنێوانیان دەڕەخسێت.

عەلیزادە ئاماژەی بەوەش کردووە، داوایان لێکراوە ببنە ئەندامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە لە ساڵی 2018وە دامەزراوە و دوو لایەنی کۆمەڵە و دوو لایەنەکەی حیزبی دیموکرات تێیدا ئەندامن، بەڵام ئامادەنەبوون ببنە ئەندامی ناوەندەکە.

بە گوتەی عەلیزادە، ئەوان پێیانوابووە ناوەندی هاوکاری دووبەرەکی لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان دروستدەکات و بۆ داهاتووش زیانی هەیە، بەهۆی ئەوەی کە هەموو لایەنەکانی تێدا بەشدار نین و دەشڵێت، چالاکییەکانی ئەو ناوەندە لەم دوو ساڵەدا بەپێی پێویست نەبوون.

ساڵی 2000 ریزەکانی کۆمەڵە - رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمیۆنیستی ئێران لێکترازا و رەوتێک بەناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەستی بە چالاکی کرد. لە ساڵی 2008 ریزەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیش تووشی لێکترازان بوو و حیزبێکی دیکە بەناوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان چالاکیی خۆی دەستپێکرد. لایەنەکانی کۆمەڵە خۆیان بە چەپ و مارکسیست لەقەڵەمدەدەن و دەڵێن، پشتگیری لە چینی هەژار و چەوساوەی کۆمەڵگە دەکەن.
rudaw -
Top