کەرکووک؛ شەڕ لەنێوان دانیشتووانی گوندی حەفتەغار و پۆلیس روویدا

کەرکووک؛ شەڕ لەنێوان دانیشتووانی گوندی حەفتەغار و پۆلیس روویدا
بەرپرسی دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی بەعەرەبکردن لە حەمرین رایگەیاند، لە گوندی حەفتەغاری سەر بە شارۆچکەی داقووقی پارێزگای کەرکووک، شەڕ لەنێوان دانیشتووانی گوندەکە و هێزی پۆلیس روویدا؛ بەوهۆیەوە سێ کەس دەستگیرکران و کەسێکیش برینداربوو.

مەلا حەسەن گەرمیانی، بەرپرسی دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی بەعەرەبکردن لە حەمرین راگەیاند "ئەمڕۆ لیژنەی کشتوکاڵی کەرکووک چووە حەفتەغار بۆ رووپێوی، لەکاتێکدا بە گوێرەی بڕیار قەدەخەیە. خەڵکیش رێگرییان کردووە و شەڕ روویداوە، سێ کەس دەستگیرکراون و کەسێکیش برینداربووە".

بەرپرسی دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی بەعەرەبکردن لە حەمرین باسی لەوە کرد، رووداوەکە لەکاتێکدایە شاندێکی پەرلەمانتارانی عێراق، کە سێ ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی تێدایە، سەردانی ناوچەکەیان کردووە، خەڵکیش بە کورد و عەرەبی هاوردە هەرکەسە و بەڵگەکانی خۆی پێشکەش کردووە بۆئەوەی راست و دروستیی خاوەندارێتی زەوییەکانی بۆ لیژنەکە بخاتەڕوو.

مەلا حەسەن گەرمیانی ئاماژەی بەوەش کرد "لە پێکدادانی هێزەکانی پۆلیس و خەڵکی ناوچەکەدا تەقە بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە کرا، سێ کەس لێیان درا و بەزۆر دەستگیرکران، کەسێکیش برینداربوو، کە خەڵکی گوندی موسەراج داودە لە ئاوایی فەریق. لیژنەکەی پەرلەمانیش لە هاوئاهەنگیدان بۆ ئازادکردنی گیراوەکان".

rudaw -
Top