فیلمێک ژیانی گەنجێکی کورد دەگۆڕێت و دەیکاتە پاڵەوان

فیلمێک ژیانی گەنجێکی کورد دەگۆڕێت و دەیکاتە پاڵەوان
عەلی غەیبی، پاڵەوانی سکای رانینگی ئێرانە، 28 ساڵ پێش ئێستا لە گوندی کارێزی سەر بە شاری بیجاڕ لە پارێزگای سنە لەدایکبووە و بەشێوەیەکی سەخت گەیشتووە بە پلەی یەکەمی ماراسۆنی سەرکەوتن بەسەر بەرزاییەکان. ژیانی ئەو وەرزشڤانەی رۆژهەڵاتی کوردستان چیرۆکێکی تایبەتی هەیە.

عەلی غەیبی، وەرزشڤان دەڵێت، لە چوار ساڵییەوە باوکی کۆچی دوایی کردووە و لە تەمەنی 8-9 ساڵییەوە کاری شوانیی کردووە تاوەکو تەمەنی 15-16 ساڵی، لە تەمەنی 11 ساڵیشەوە هۆگری جگەرەکێشان و هەندێک جۆری ماددەی هۆشبەر بووە.

دوای چەند ساڵ گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر، فیلمێکی سینەمایی ئێران ژیانی عەلی دەگۆڕێت. لەو فیلمەدا بەناوی منداڵانی ئاسمان، کوڕێکی خێزانێکی هەژار بۆ بەدەستهێنانی پێڵاو بۆ خوشکەکەی بەشداری لە کێبڕکێیەکی راکردن دەکات و براوە دەبێت. عەلی بڕیاردەدات هاوشێوەی ئەکتەری فیلمەکە، ببێتە پاڵەوانی راکردن. بۆ ئەوەش سەرەتا واز لە ماددەی هۆشبەر دەهێنێت.

لە ساڵی یەکەمی وەرزشکردنیدا لە ساڵی 2017، عەلی غەیبی پلەی یەکەمی ئێرانی بەدەستهێنا. دوای ئەوەش چەندجارێکی دیکە، لە کێبڕکێی جیاوازدا بووە بە یەکەمی ئێران. بەشداریی لە چەند کێبڕکێیەکی نێودەوڵەتیش کردووە، بەڵام هیچکام لەو ناسناوانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی حکومەت ئاوڕ لە ژیانی بداتەوە. ئەو ئێستا دانیشتووی شاری کەرەجی ئێرانە. لە کۆمپانیایەک کاری خزمەتگوزاری دەکات تاوەکو بژێویی ژیانی خێزان و کرێی خانووەکەی دابینبکات.

عەلی غەیبی لە ساڵی 2020یشدا لەنێو دەیان کەس پلەی یەکەمی ئێرانی بەدەستهێنایەوە. خەڵاتی کێبڕکێیەکە دەورووبەری 100 دۆلار بوو، ئەویشی دوای مانگێک هێنان و بردن پێدرا. ئەو هەموو کەمتەرخەمییەی وەزارەتی وەرزش و فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی ئێران، ئەویان لە هەوڵدان نەوەستاندووە و ئەو نەک هەر خەمی خۆی، خەمی خەڵکی دیکەش دەخوات.

ساڵی رابردوو بۆ پشتیوانی لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ منداڵانی ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، 42 کیلۆمەتر بە جلوبەرگی کوردییەوە رایکرد.
rudaw -
Top