بەشیر حەداد: لە یاسای بودجە پشکی ھەرێمی کوردستان بەپێی رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا و جێگیر دەکرێ

بەشیر حەداد: لە یاسای بودجە پشکی ھەرێمی کوردستان بەپێی رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا و جێگیر دەکرێ
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت لە یاسای بودجەدا پشکی ھەرێمی کوردستان بە پێی رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا و پابەندبوونی ھەردوولا بە دەستوورەوە جێگیر بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٠/١٢/٢٩، د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ سێشەممە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ گەیشتە ئەنجوومەنی نوێنەران و لەسەرەتای مانگی داھاتووشدا پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەری کۆدەبێتەوە".

بەشیر حەداد، ئاماژەشی بەوەشدا، گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە ماوەی ٢٠ رۆژ تاوەکو مانگێک دەخایەنێت و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەتوانێت گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی یاساکەدا بکات.

گوتیشی: "چاوەڕێ دەکرێت لە یاسای بودجەدا پشکی ھەرێمی کوردستان بەپێی رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا و پابەندبوونی ھەردوولا بە دەستوورەوە جێگیر بکرێت، و گۆڕانکاریش لە یاساکەدا بکرێت بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندی فەرمانبەران و چینی ھەژار".

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "بەمەبەستی گفتوگۆکردن و تەواوکردنی چەند پرۆژە یاسایەکی گرنگ و لە نێوانیشیان دا پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١ ی عێراق، دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران وەرزی یەکەمی یاسادانان لە ساڵی سێیەمی یاسادانانی بۆ ماوەی مانگێک، واتە لە ٢٠٢١/١/٣ تاوەکو ٢٠٢١/٢/٣ درێژکردەوە.".

پڕۆژەی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق، 164 تریلیۆن دینارە و پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا 13 تریلیۆن دینارە.













باسنيوز


Top