بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك: بەهۆی لاوازیی ئەمنییەوە ژماره‌یه‌كی زۆری تیرۆریستان له‌ ناو كه‌ركووكدان

بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك: بەهۆی لاوازیی ئەمنییەوە ژماره‌یه‌كی زۆری تیرۆریستان له‌ ناو كه‌ركووكدان
بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك ڕای گەیاند، بەهۆی لاوازیی هێزە ئەمنییە سەپێندراوەكانەوە، ژماره‌یه‌كی زۆری تیرۆریستانی سه‌ر به‌ داعش ئێستا لە ناو كەركووكن، دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هێزە سەپێندراوەكان و پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، ئەوەندە خۆیان بە تەعریبەوە سەرقاڵ كردووە، نیو هێندە خۆیان بەرووبەڕووبنەوەی داعش سەرقاڵ نەكردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 29/12/2020، ئیدریس ڕەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك، ڕایگەیاند، لە كەركووك هیچ دەزگایەكی ئەمنی بەهێز بوونی نییە و ئەوان ناتوانن كۆنتڕۆڵی بارودۆخی ئەمنی بكەن، بۆیە تیرۆریستێكی زۆری داعش خۆیان خزاندووەتە ناو كەركووكەوە و لە شارەكەدا دەژین، دەروازەكانی كەركووك بەڕووی داعشدا دانەخراوە، داخستنی كەمپی ئاوارەكان لە سنووری كەركووكیش، تەنیا بۆ ئەوە بوو هەموویان بچن لە ناو شاری كەركووك نیشتەجێ بن و لە كەركووك چاوپۆشی لە تیرۆریستان دەكرێت و ئێستا دەیان شانەی نوستووی داعش لە ناو كەركووكدا هه‌ن.

ئه‌وه‌شی گوت، ئەگەر چالاكییەكی ئەمنیی تۆكمە لەناو كەركووك بەڕێوە بچێت، ڕەنگە سەدان تیرۆریست دەستگیر بكرێت، به‌ده‌ر له‌وه‌، تیرۆریستانی داعش لە دەوروبەری كەركووكیش چالاكن.

ئاشكراشی كرد، هێزەكانی پۆلیس كە ئەركی پاراستی ناو شاریان دەبێ هەبێت، ئەوان ئەو ئەركەشیان لێ سەندراوەتەوە و هیزە سەربازییەكانی تریش كە لە دەرەوەی شارن تەنیا پارێزگاری لە خۆیان دەكەن و گوێ به‌ هیچی تر ناده‌ن.

بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك، ئاماژەی بەوەش دا: "دەزگا ئەمنییە سەپێندراوەكانی كەركووك و پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، ئەوەندە سەرقاڵی بە عەرەبكردنن لە سنووری كەركووك، نیو هێندە خۆیان خۆیان بەبابەتی نەهێشتنی تیرۆر و داعشەوە سەرقاڵ ناكەن.

لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 كەركووك بەڕێككەوتنی گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتیی ڕاده‌ست كرا، لەو كاتەوە دۆخی ئەمنیی پارێزگاكە نالەبارە و جموجۆڵی داعشیش لە دەرەوەی شارەكە بەردەوامە.














باسنيوز


Top