میدیای تاقمی خۆفرۆشی ١٦ی ئۆكتۆبەر پاساو بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی دێنێتەوە

میدیای تاقمی خۆفرۆشی ١٦ی ئۆكتۆبەر پاساو بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی دێنێتەوە
مامۆستایەكی زانكۆ ئاشكرای دەكات كە میدیای تاقمی خۆفرۆشی ١٦ی ئۆكتۆبەر كە لاهوور جەنگی سەردەستەیانە، لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی هەواڵی درۆوە، پاساو بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی دەهێنێتەوە و ئامانجیشی لەم كارە ئەوەیە، لە ڕێگەی بڵاوەكردنەوەی درۆوە پارەی جاشایەتییان دەست بكەوێت.

میدیای تاقمی خۆفرۆشی ١٦ی ئۆكتۆبەر هەواڵێكی بێبنەمایان بڵاو كردۆتەوە گوایە سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندی بە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە كردووە و لەم ڕێگەیەشەوە ئۆباڵی ڕێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدای خستۆتە ئەستۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

لەمبارەیەوە د. مەدحەت سلێمان، مامۆستای زانكۆ رایگەیاند: ”عێراق لەوەتەی هەیە، هیچ حكوومەتێكی نەبووە بە جددی خوازیاری ڕێككەوتن بووبێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەڵكوو هەردەم بەدوای دەرفەتێكدا گەڕاوە تاوەكوو هەرێمی كوردستان ناچار بكات دەستبەرداری مافەكانی خۆی بێت“.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بە ڕوونی دەردەكەوێت كە لایەنی عێراقی ئامادە نییە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕێك بكەوێت، كەچی میدیای تاقمێكی خۆفرۆش هاتوون هەوڵی پاساوهێنانەوە بۆ حكوومەتی عێراق دەدەن، دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە هەندێك پارەی جاشایەتییان دەست بكەوێت، بە ئومێدی ئەوەی لە كۆتاییدا بگەن بە خەونەكانیان بۆ تێكدانی قەوارەی هەرێمی كوردستان و لەدەستدانی سەرجەم مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان.

جەختیشی كردەوە كە میدیاكانی تاقمە خۆفرۆشەكە بە فەرمانی ئاغاكانیان دەجووڵێنەوە و هەوڵی چەواشەكردنی ڕای گشتیی كوردستان دەدەن.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێت: ”میدیای ئەو كەسانەی چەند هەفتە لەمەوبەر گوللەیان به ‌خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌نا و دواتر سەردانی كەسوكاری كوژراوەكانیان دەكرد، ئەم جۆرە كارانە دەكەن، بەڵام خەڵكی ئەو راستییانەی لەبەرچاوە و هەوڵەكانی خۆفرۆشان بێسوودە“.

بە بڕوای مەدحەت سلێمان، دەبێت حكوومەت یاسای چاكسازی جێبەجێ بكات و ڕێگری لە قاچاخچێتیی ئەو دەستە و تاقمە خۆفرۆشانە بكات كە ڕێگە نادەن هەموو داهاتی هەرێمی كوردستان بگاتەوە خەزێنەی حكوومەت، بۆ ئەوەی لە حاڵەتێكدا ئەگەر بەغدا هەر پێداگری كرد لەسەر بەرزكردنەوەی سەقفی داواكارییەكانی، بتواندرێت لانی كەمی بژێویی خەڵكی كوردستان دابین بكرێت.












باسنیوز


Top