فراکسیۆنى پارتى بۆ تێپەڕاندنى پرۆژەیاسای بودجە دەستپێشخەرییەک بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەخاتە ڕوو

فراکسیۆنى پارتى بۆ تێپەڕاندنى پرۆژەیاسای بودجە دەستپێشخەرییەک بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەخاتە ڕوو
جێگرى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق، رای گەیاند دەستپێشخەرییەکیان بۆ تێپەڕاندنى پڕۆژەیاساى بودجەى2021ى عێراق ئاراستەى فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە، چونکە بودجە پەیوەندیى بە قووتى هاووڵاتییانەوە هەیە و پێویستە لە بەغدا یەکدەنگ بین.

بەشار کیکى جێگرى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق رايگەیاند: "بە ئامانجى تێپەڕاندنى پڕۆژەیاساى بودجەى 2021ى عێراق کە ئەمڕۆ گەیشتووەتە پەرلەمان، فراکسیۆنى پارتى وەک گەورەترین فراکسیۆنى نێو پەرلەمان کە هەموو کات داواى یەکڕیزى و یەکدەنگیی لە بەغدا کردووە، دەستپێشخەرییەکمان ئاراستەى فراکسیۆنە کوردستانییەکانى پەرلەمانى عێراق کردووە، بۆ ئەوەى بەرامبەر مافە دەستورییەکانى گەلەکەمان یەکهەڵوێست بین".

راشی گەیاند: "پشکى هەرێم لە بودجەى2021ى عێراقدا جێگیر کراوە، بۆیە پێویستە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمان یەکدەنگ و هاوهەڵوێست بین، چونکە بابەتى بودجە پەیوەندیى بە ژیانى هاووڵاتییانى کوردستانەوە هەیە و ناکرێ قووتى هاووڵاتیان بکرێتە قوربانیى موزایەدەى سیاسى".

ئاماژەى بەوەش کرد: "بابەتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان بە سیاسى کراوە، چونکە بەهۆى ململانێى نێوان ئێران و ئەمریکا لەلایەک و گوشارى بەشێک لە گرووپ و لایەنە شیعەکانى ناو پەرلەمانى عێراق، رەوانەکردنى شایستە داراییەکانى کوردستان لەلایەن حکوومەتى حکوومەتی عێراقەوە دوا کەوتووە، ئەوان دەیانەوێ لەڕێگەى نەناردنى مووچەوە گوشار بخەنە سەر هەرێمی کوردستان و ئامانجە سیاسییەکانیان بپێکن".












باسنيوز

Top