قۆناغی چوارەمی شایستە داراییه‌كانى گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هه‌رێمى كوردستان خه‌رج ده‌كرێت

قۆناغی چوارەمی شایستە داراییه‌كانى گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هه‌رێمى كوردستان خه‌رج ده‌كرێت


بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، قۆناغی چوارەمی شایستە داراییه‌كانى گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هه‌رێمى كوردستان خه‌رج ده‌كرێت.

نەوزاد شێخ شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "ڕەزامەندی دراوە قۆناغی چوارەمی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2020 خەرج بکرێت، دوای پشووەکانی سەری ساڵ ڕێکارە ئیدارییەکانی وەرگرتنی پارەکە و خەرجکردنی بەسەر جووتیاران دەگیرێتە بەر".

لای خۆیەوە هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە بەغداوە ڕەزامەندیی خەرجکردنی 11 ملیار و 770 ملیۆن دیناری قۆناغی چوارەمی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هه‌رێمى کوردستان دراوە، لەو بڕه پارەیەش سێ ملیار و 400 ملیۆن دینار بۆ جووتیارانی پارێزگای هەولێر خەرج دەکرێ".

ئاماژەی بەوەش دا، جگە لەو بڕە پارەیە، ئێستاش بڕە پارەیەکی زۆری شایستەی دارایی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لای بەغدا ماوە و خەرج نەکراوە.

پێشتر له قۆناغی یەکەمی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی هەولێر دوو ملیار دینار خەرج كرا، دواتر بڕی هه‌شت ملیار و 85 ملیۆن دینار وەكوو قۆناغی دووەمی خەرج كرا، پاشان ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری دیكه‌ وەکوو قۆناغی سێیەم خەرج کرا.

حكوومەتی عێراق بڕیاری دا لە كۆی یەك ملیۆن تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ، تەنیا 390 هەزار تۆن وەربگرێت و پارەکەش بە چەند قۆناغێک بدات.








باسنيوز
Top