قایمقامی هەولێر: ئەمساڵ ٤٥ تۆن دەرمانی نەشیاو دەستی بەسەردا گیراوە

قایمقامی هەولێر: ئەمساڵ ٤٥ تۆن دەرمانی نەشیاو دەستی بەسەردا گیراوە


ئەمڕۆ سیشەممە ٢٩ی١٢ی٢٠٢٠ قایمقامى قەزاى ناوەندیى هەولێر ئامارى کار و چالاکییەکانی ساڵى ٢٠٢٠ى قایمقامیەتی هەولێری خستە ڕوو.

لە پرێس کۆنفرانسێکدا نەبەز عەبدولحەمید قایمقامى قەزاى ناوەندیى هەولێر ڕای گەیاند بە هاوکاریى هەموو فەرمانگەکانى شارى هەولێر کە ٢٨ لیژنەمان لە چالاکییەکانیان بەردەوامن.

نەبەز عەبدولحەمید ڕاشی گەیاند: "لە ساڵى ٢٠٢٠دا سەرجەم مۆلیدە ئەهلییەکان کە لە ٥٠٠ شوێندان٩٠٠ مۆلیدە هەن و ٩٥٪یان بێدەنگ کراون و ٨١ خاوەن مۆلیدەش بەهۆی کەموکۆڕی مۆلیدەکانیان کاردانەوەى یاساییان لەگەڵدا کراوە و پێنج خاوەن مۆلیدەش ڕووبەڕووى دادگا کراونەتەوە و ٣٤ خاوەن مۆلیدەش بە پێبژاردن سزا دراون و ٤٢ خاوەن مۆلیدەش بەڵیننامەیان لێ وەرگیراوە".

قایمقامی هەولێر جەختی کردەوە: "لیژنەى پشکنین و چاودێریی بازاڕ لە ساڵى ٢٠٢٠دا کە نوێنەرى هەموو لایەنەکانى تێدایە و ٥٠٣ سەردانى مەیدانییان هەبووە و ٤٤١ سەرپێچی تۆمار کراون و١٢٠ شوێن داخراون، و ٦٢ شوێنیش دەستخۆشیان لێ کراوە، هەر لەو ساڵەدا بڕی ٢٤٢ تۆن خۆراکى ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا گیراوە و دواتر لەناو براون و بڕی ٣٠٤ ملیۆن دینار سزاى ئەو خاوەنی شوێنانە دراوە کە سەرپێچییان کردووە".

لەبارەى لیژنەکانى بەدواداچوونى دەرمانیش قایمقامى هەولێر گوتى: "ئەمسال ١٨٤ دەرمانخانە و نۆرینگە داخراون و ٤٥ تۆن دەرمانى نەشیاو و ماوە بەسەرچووش دەستىان بەسەردا گیراوە و دواتر لەناو براون، هەروەها ٣٧١ کەس بەهۆی سەرپێچییەوە ئاگادار کراونەتەوە و بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە و ٢٩٤ کەسیش بەهۆی فرۆشتنى خۆراکى ماوەبەسەرچووەوە دەستگیر کراون، بەهۆی نەبوونى ڕێوێنییەکانى تەندروستى، ٤٩ شوێنى فرۆشتنى ماسکیش داخراون، هەروەها لە ماوەى ڕابردوودا ٧٦٤ شوێن کە ڕێنوێنییەکانى خۆپارێزییان بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا جێبەجێ نەکردووە، داخران".

لەبارەى دەستگیرکردنى سواڵکەرەکانەوە ڕای گەیاند: "٦١٣منداڵ و ٥٠٧ کەسی سەروى ١٨ ساڵیش لە چوارڕێیان و شەقامەکان دەستگیر کراون و ڕەوانەى بەردەم دادگا کراون، هەروەها لەناو شارى هەولێر ١١٩ خانوو و شوێنی زێدەڕۆییش لە سنوورى هەولێر تێک دراون، لە دەوروبەرى هەولێریش تێکدانى ٢٢٦ خانووى زێدەڕۆ و ٢٦ شوێنى مانەوە و ٢٤ کۆگاى گەورە تێک دراون، هاوکات ١٣ ئامێری لێدانى بیری سوورى دەستىان بەسەردا گیراون، ٤١١ شوێنیش لەناو شار و دەرەوەى شار تێک دراون".

لە درێژەی راپۆرتەکدا هاتووە: "ئەمساڵ بۆ خواردنگە و کافتریا و هوتێلەکانى شارى هەولێر ٢٩١ شوێن مۆڵەتى تازەیان پێ دراوە و ٧٧٠ شوێنیش مۆڵەتەکانیان تازە کردووەتەوە".

لە ساڵى ٢٠٢٠یشدا لە سنوورى قایقمقامیەتى هەولێر،١٠ هەزار و ٧٢٢ مامەڵەى هاووڵاتییان ڕایی کراوە کە سەرجەم ناحیەکان و قایمقامیەتى ناوەندى هەولێر لەخۆ دەگرێت.

نەبەز عەبدولحەمید قایمقامى هەولێر لەبارەى بەیانى وەزارەتى ناوخۆی هەرێم گوتى: "هێشتا مەترسییەکانى ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوە، بۆیە تا ١٥/١/٢٠٢١ هەموو کۆبوونەوە و ئاهەنگى سەری ساڵ قەدەغەیە، بۆیە هەر کەسێک سەرپێچی بکات، بە ٥ بڕی ملیۆن دینار سزا دەدردێت".

لەبارەى نرخەکان دواى بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی گوتى: "لە سەرەتاى داشكاندنی بەهای دینارەوە چەند لیژنەیەکمان پێک هێناوە بۆ ئەوەى بەدواداچوون بۆ نرخەکان بکرێت و پەیوەندى بە کۆمپانیاکانى دابینکردنى خۆراکەوە کراوە بۆ ئەوەى نرخەکان قۆرغ نەکرێن، هەر بەهۆی قۆرغکارییشەوە ٢٠ شوێنى فرۆشتنى کاڵا سزادراون و داخراون".






باسنيوز
Top