رێژەی خوێندەواری لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیادی کردووە

رێژەی خوێندەواری لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیادی کردووە
وەزارەتی پەروەردەی ئێران رایگەیاند، رێژەی خوێندەواریی کەسانی 10 بۆ 49 ساڵ لەو وڵاتە گەیشتووەتە سەرووی 96٪. رێژەی خوێندەواری لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش 2.5٪ لە ئاستی مامناوەندی ئێران کەمترە، بەڵام ئەو کەسانەی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی فێربوونی خوێندن و نووسین دەدەن، زیاترن لە ئاستی مامناوەندی ئێران.

40 ساڵ پێش ئێستا نیوەی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان توانای خوێندنەوە و نووسینیان نەبوو. لە شارە بچووک و گوندە دوورەدەستەکان رێژەکە زیاتریش بوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە تەواو گۆڕاوە.

شاپوور محەممەدزادە، جێگری وەزیری پەروەردەی ئێران دەڵێت، رێژەی خوێندەواریی کەسانی 10 بۆ 49 ساڵ گەیشتووەتە سەرووی 96٪. پیاوان 2.6٪ خوێندەوارترن لە ژنان و خوێندەواری لە شارەکانیشدا 6.8٪ زیاترە لە گوندەکان.

ئەو ئامارە دەریدەخات، دابڕانی منداڵان لە خوێندن زۆر کەمبووەتەوە و ئەوانەش کە بە منداڵی دابڕابوون، خۆیان فێری خوێندن و نووسین کردووە.

ئەحمەد پیرسیدان, هاونیشتمانییە و دەڵێت: "من نزیکەی 45 ساڵ دەبم. کاتێک ئێمە بچووک بووین قوتابخانە نەبوو، بە کاروباری ماڵەوە سەرمان قاڵ بوو و گرفتاری زۆر بوو. ئیتر تەمەنمان زیاد بوو و نەکرا بە بچووکی بچینە قوتابخانە. دوایی چووینە خوێندنی گەوران و خۆمان فێر کرد."

لە چوار ساڵی رابردوودا لە ئاستی گشتیی ئێراندا رێژەی زیادبوونی خوێندەواری نزیکەی 3٪ بووە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێژەکە سەرووی 5٪ بووە.

بەپێی ئامارەکانی ئەمساڵ، لە کرماشان 96٪، لە ئیلام و سنە 94٪، لە ورمێ 92٪ و لە لوڕستانیش 92٪ی کەسانی 10 بۆ 49 ساڵ خوێندەوارن.

بەرپرسانی پەروەردەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، ئەگەر پرۆسەی فێربوونی خوێندنەوە و نووسین بەو شێوەیە بەردەوام بێت، تاوەکو پێنج ساڵی دیکە رێژەی نەخوێندەواری بۆ خوار 1٪ کەمدەبێتەوە.

رۆشەنەک خالیدی، هاونیشتمانییە و دەڵێت: "ئیستا دەبێت خوێندەواریت هەبێت. ئەگەر بچمە دووکانێک ئەگەر خوێندەواریم نەبێت پارەی زۆرترم لێ دەستێنێت."

لە ئێران منداڵانی تەمەن 7 ساڵ دەبێت بچنە قوتابخانە، بەڵام چونکە بە زۆرەملێ نییە، دایک و باوکەکان دەتوانن منداڵەکانیان نەنێرن. بۆ ئەو کەسانەش کە لە قوتابخانە جێ ماون، کۆرسی فێرکردنی سەرەتایی دادەنرێت بە ناوی "نەهزەت" و لەو کۆرسانەدا گەورەساڵان بە شێوەی سەرەتایی فێری خوێندن و نووسین دەکرێن.
rudaw -
Top