بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە: ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە راهێنان و مەشقەوە دەگۆڕێت بۆ راوێژکارى
لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگرى سوپاسالارى پێشمەرگە بۆ کاروبارى ئۆپەراسیۆن لە وەزارەتى پێشمەرگە راگەیاند: "چەندین ساڵە هێزەکانى هاوپەیمانان هاوکارى پێشمەرگەیان کردووە لە رێگەى مەشق و راهێنان و کردنەوەى چەندین خولى جۆراوجۆر، بەڵام ئێستا ژمارەیەکى باش مامۆستا و راهێنەرمان لە نێو هێزەکانى پێشمەرگە پێگەیاندووە، بۆ مەشق پێکردنى هێزەکانى پێشمەرگە".
راشیگەیاند: "ئەو مامۆستایانە بە تەواوى ئامادەن و بە زانست و زانیارى سەردەم بە شێوازى تیۆرى و پراکتیکى، بۆیە لەمەودوا هێزەکانى هاوپەیمانان ئەرکیان لە راهێنان و مەشق پێکردنەوە دەگۆڕێت بۆ راوێژکارى".
ئاماژەى بە ئەوەش کرد" بە چاودێرى و هەماهەنگى هێزەکانى هاوپەیمانان دوو خول لەلایەن مامۆستاکانى خۆمان کرانەوە بۆ ژمارەیەک پێشمەرگە، کە تەواوى کاروبارەکان لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوە دەچوون، بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاست و توانایان، دەرکەوت کە خاوەن توانایەکى باشن و دەتوانین پشتیان پێببەستین بۆ مەشق پێکردنى هێزەکانى پێشمەرگە".
باسنيوز
