زاخۆ؛ بەشێک لە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان ناڕازین لە هاوکارییەکانی UNHCR

زاخۆ؛ بەشێک لە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان ناڕازین لە هاوکارییەکانی UNHCR
بەشێک لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە زاخۆ ناڕازین لەو هاوکارییانەی UNHCR بەسەریاندا دابەشی کردوون و دەڵێن لە هاوکارییەکان سوودمەند نەبوون، چ وەکو پێداویستیی خۆراکی، چ وەکو هاوکاریی مادی بۆ هەژار و نەخۆشان، یان وەکو کەلوپەلی ناوماڵ.

پەنابەرێک بەناوی عوسمان محەممەد دەڵێت، خۆی و منداڵەکانی فایلەکەیان هیچی تێدا نییە و لەبەر ئەوەش هیچیان پێنادەن. پەنابەرێکی دیکە بەناوی نەواف خەلیل ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی سێ ساڵە چووەتە دهۆک و خۆیی لە هەموو رێکخراوەکان تۆمارکردووە، دەشڵێت "سێ ساڵە لێرەم [لە دهۆک] و کارتۆنێک خۆراکم وەرگرتووە، بەڕاستی جیاوازییەکی زۆر هەیە".

هۆشەنگ سەنگەمۆر، بەرپرسی گەیاندنی هاریکارییەکان بۆ پەنابەران دەڵێت "خەڵکی [پەنابەر لە] زاخۆ بەشێکیان ناویان لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارنەکردووە و خۆیان نەگەیاندووەتە" بۆ وەرگرتنی هاوکارییەکان.

خەولا مستەفا پەنابەری رۆژئاوای کوردستانە، چوار منداڵی هەیە، کرێچییە و هاوژینەکەی کاسبکارە، هەشت ساڵە لە باشووری کوردستان دەژین، چوار جار سەردانی UNHCRی کردووە، ناوی لەناو لیستی ئەو کەسانەیە کە مافی وەرگرتنی هاریکارییەکانی هەیە، بەڵام هیچی پێ نەدراوە.

خەولا مستەفا دەڵێت، ئەوەندە هاتووچۆیان کردووە قاچیان دێشێت، باسیشی لەوە کرد کە هەندێک لەوانەی دەچن بۆ وەرگرتنی کەلوپەل و پێداویستی، پارە وەردەگرن و هەندێکیشیان سووتەمەنی و پێداویستیی خۆراکی، بەڵام وەکو ئەو دەڵێت، ئەوان هیچیان وەرنەگرتووە.

بەپێی لیژنەی هەماهەنگیی بڵاوکردنەوەی هاریکاری بەسەر ئاوارە و پەنابەران، ساڵانە بە تەنیا UNHCR بە رێژەی 20% هاریکارییەکانیان بەسەر پەنابەراندا دابەشدەکەن.

خەڵات محەممەد، بەرپرسی لیژنەی دابەشکردنی هاریکاریی کۆچبەر و پەنابەران دەڵێت "رۆژانە بە سەدان گازندەی کۆچبەر و پەنابەرانمان پێ دەگات کە UNHCR بە یەکسانی کەلوپەل و پێداویستییەکانی دابەش نەکردووە" و ئەوانیش گازندەکانیان دەگەیێننە شوێنی مەبەست.

لە زاخۆ هەشت هەزار و 800 هاونیشتمانیی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەژین، نزیکەی حەوت هەزار کەسیان لەو هاوکارییانە بێبەشن کە UNHCR دابەشیان دەکات.
rudaw -
Top