کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بەشێوەیەکی جیاواز پێشوازی لە سەری ساڵ دەکەن
ڤیکتۆر جۆرج، کریستیانی دانیشتووی دهۆک دەڵێت، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو تایبەتە، "هەموو ساڵێک ئاهەنگمان گێڕاوە و بەناو شارەکانی کوردستان گەڕاوین، بەڵام ئەمساڵ وەکو دەبینین پەتای کۆرۆنا نەیهێشت تێکەڵی خەڵک ببین"، هەربۆیە ئەمساڵ لە ماڵەکەیان ئەو رێوڕەسمە دەکەن و هاتووچۆیان نابێت، بەڵام لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پیرۆزبایی لەیەکدی دەکەن.
لە پارێزگای هەولێریش وەکو هەموو پارێزگاکانی دیکە، رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر، بۆئەوەی کەمترین بەریەککەوتن دروستببێت.
بەشار مەتی، مەترانی کلدانییەکان لە هەولێر دەڵێت "ئێمە ئامادەکاریی خۆمان کردووە بۆئەوەی زیاتر لە قەشەیەک ئامادەبێت، قەشەیەک کاژێر 07:00 ئامادەبێت و قەشەیەکیش کاژێر 10:00، لە هەموو کەنیسەکانیش ژمارەی قەشەکان ژمارەی ئەنجامدانی نوێژەکان زیاد دەکەین، بۆئەوەی زۆرترین ژمارەی کریستیانەکان لەخۆبگرین، تەندروستیی مرۆڤ پێش نوێژە، بۆچوونی من ئەوەیە کە دەبێت مرۆڤ گرنگی بە تەندروستیی خۆی بدات پێش نوێژ".
لە پارێزگای سلێمانیش بۆ ماوەی 14 رۆژ رێوڕەسمە ئایینییەکانی کریستیانەکان ئەنجامدەدرێن، هەر لە 24ی کانوونی یەکەمی 2020 تاوەکو 6ی کانوونی دووەمی 2021، بەڵام بە گوتەی ئەیمەن عەزیز، قەشەی کەنیسەی مار یوسف، زۆربەی کریستیانەکان لەبەر کۆرۆنا ناتوانن لە کەنیسە ئامادەبن، بەتایبەتی کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی کاریتاسی کەنیسەی جیهانی، تاوەکو ساڵی 2003 نزیکەی 150 هەزار کریستیان لە هەرێمی کوردستان دەژیان، بەڵام بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە عێراق ژمارەی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ 250 هەزار کەس زیادیکردووە.
rudaw -
