پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح، بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان دەکات.

دەقی پەیامەکە:

بەبۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت )، پیرۆزبایییەکی گەرم لە خوشک و برایانی کریستیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم لە کەشێکی ئارام و پڕ لە کامەرانیدا ڕۆژانی جەژن بەسەر ببەن.

کریستیانەکان پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی کۆمەڵگەی کوردستانن و لە گەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا، ڕۆڵێکی گرنگییان لە پێشخستنی کۆمەڵگەی کوردستاندا گێڕاوە و هەرێمی کوردستانیش، بووەتە مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینیی لە ناوچەکەدا. لەم بۆنە پیرۆزەدا، پابەندبوونی خۆمان بە قووڵکردنەوە و بەهێزکردنی کولتووری لێبوردەیی و تەبایی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان دووپات دەکەینەوە کە یەکێکە لە شانازییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئومێدەوارم هاتنەوەی ئەم جەژنە و ساڵی نوێ، ببێتە مایەی سەقامگیربوونی ئاشتی و تەناهی و کۆتایی هاتنی قەیران و نەهامەتییەکان لە کوردستان و جیهاندا.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/12/24











باسنيوز


Top