پەرلەمانی عێراق داوا دەکات سوپا لە بەغدا بڵاو بکرێتەوە

پەرلەمانی عێراق داوا دەکات سوپا لە بەغدا بڵاو بکرێتەوە
لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکان بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، داوا دەکات سوپا لەو شارە بڵاو بکرێتەوە.

بەدر ئەلزیادی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، ئەو مووشەکانەی شەوی یەکشەممەی رابردوو ئاراستەی باڵوێزخانەی ئەمریکا کران، لە یەک بنکە هاوێژران، بنکەیەکی دیکەش ئامادەکرابوو، بەڵام بەر لە هاوێشتنی مووشەکەکان دەستی بەسەردا گیرا.

بەدر ئەلزیادی هەروەها رایگەیاند، مووشەکبارانەکە، کە بە مووشەکی پێشکەوتوو ئەنجام دراوە، بیانوو دەداتە دەست ئەمریکا، بەناوی پارێزگاریکردن لە باڵوێزخانەکەی دەستوەردان لە کاروباری عێراقدا بکات.

ئەلزیادی جەختی لەوە کردەوە، کە عێراقییەکان نایانەوێ وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ئەمریکا و ئێران.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بە بوونی ژمارەی زیاتری ئەو مووشەکانەی بۆ هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا بەکار دەهێندرێن، لە بەغدا کرد و رایگەیاند، پێویستە حکوومەت بەپەلە کار بۆ راگرتن و دەست بەسەرداگرتنیان بکات و لێژنەکەشیان داوای کردووە بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە، هێزەکانی سوپای عێراق دابەزنە ناو پایتەخت.

دوایین هێرشی مووشەکی، کە کرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، لە شەوی یەکشەممە 21-12-2020 بوو، کە هەشت مووشەک ئاراستەی باڵەخانەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کران.













باسنیوز
Top