لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان: بەدواداچوون بۆ پرۆژە نیوەچڵەکان دەکرێت

لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان: بەدواداچوون بۆ پرۆژە نیوەچڵەکان دەکرێت
بەمەبەستی تاوتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەت بە بەدواداچوونی پرۆژە تەواونەکراو و نیوەچڵەکان، لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی کوردستان، دوێنی چوارشەممە ٢٣ی١٢ی٢٠٢٠، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەڕێوە برد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی١٢ی٢٠٢٠ سەفین گەردی ئەندامی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: "وەك لیژنەی ئاوەدانكردنەوە، كۆبوونەوەی خۆمان بەڕێوە برد و ئەو نووسراو و داوكارییانەی ئاراستەی لێژنە كرابوون، وەڵام درانەوە و ئەوانەی پێویست بوو ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران".

سەفین گەردی ئەوەشی ڕاگەیاند: "گفتۆگۆ لەبارەی ئەو ڕێگەوبانانە كرا كە تا ئێستا كاركردن تێیاندا تەواو نەبووە، وەك ڕێگای نێوان كفری و كەلار و كفری و دەربەندیخان، هەروەها پڕۆژەی یەكەكانی نیشتەجێبوون كە تا ئێستا تەواو نەكراون، بەتایبەت ئەو پرۆژانەی لە ساڵانی 2014 بۆ 2015 كە تا ئێستا هەندێك پرۆژە هەن لە یەكەی نیشتەجێبوون و شوقە تەواو نەكراون، بۆ ئەو مەبەستەش لێژنە بریاری دا بەدواداچوونی زیاتریان بۆ بكات بۆ ئەوەی هەرچی زووتر ئەو پڕۆژانە تەواو بكرێن".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش دا: "لەم كۆبوونەوەیە بڕیار درا بەم نزیكانە بانگهێشتی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بكرێن بۆ لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێان بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە بدەن بۆچی هەندێك پرۆژە تەواو نەكراوە و هەندێك بەتەواوی ڕادەستی خاوەنەكانیان نەكراوە بۆ ئەم مەبەستە نووسراومان ئاراستە كردوون".












باسنیوز




Top