گوڵیزار ڕەشید: ئەم کابینەیە هیچ گومانێکی لەسەر شەفافبوونی ڕێکەوتنەکانی نەهێشتووەتەوە

گوڵیزار ڕەشید: ئەم کابینەیە هیچ گومانێکی لەسەر شەفافبوونی ڕێکەوتنەکانی نەهێشتووەتەوە
بەمەبەستى تاوتوێکردنى دواین ئەنجامى گفتوگۆى شاندەکەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عێراق، رۆژى دووشەممە پەرلەمانى کوردستان بە ئامادەبوونى شاندەکە کۆدەبێتەوە. جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای دەکات هاتنی ئەو شاندە بۆ پەرلەمان و خستنە ڕووی زانیاریەکانی گفتووگۆکانیان لەگەڵ بەغدا هەنگاوێکی گرنگە و ئەم کابینەیە هیچ گومانێکی لەسەر شەفافبوونی ڕێکەوتنەکانی نەهێشتووەتەوە.

لە راگەیێندراوێکدا، سامان ئەحمەد به‌كر، بەڕ‌ێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، ڕای گەیاندووە بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، شاندی دانوستاندنکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بچنە پەرلەمان و دوایین ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پەرلەمان روون بکەنەوە.
لەمبارەوە، گوڵیزار ڕەشید حاجی سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕای گەیاند، بڕیارە شاندی دانوستانکار پێشنیوەڕۆى رۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتى (2020/12/28) لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەکانی (دارایی و كاروبارى ئابووری، كاروبارى یاسایی، وزه‌ و سامانە سروشتییەکان) کۆببنەوە و روونکردنەوە لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بخەنەڕوو و دوایین ئەنجامی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بخەنە بەردەم پەرلەمان و وردەکارییەکانی گفتوگۆکان بۆ پەرلەمان روونبكه‌نه‌وه‌.
ئاشکراشی کرد، هاتنی ئەو شاندە بۆ پەرلەمانی کوردستان هەنگاوێکی گرنگە، تاوەکو پەرلەمانی کوردستان وەکو دەزگایەکی چاودێری ئاگاداری وردەکاری دانوستان و ڕێکەوتنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت، چونکە پەرلەمان و حکوومەت تەواوکەری کاری یەکترن و پێویستە هەماهەنگی تەواو لە نێوانیاندا هەبێت.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەم کابینەیەی حکوومەت هیچ گومانێکی لەسەر رێکەوتنێکەکان نەهێشتووەتەوە، گووتی “لەگەڵ هاتنی ئەو شاندە بۆ پەرلەمان و روونکردنەوەدان لەسەر دانوستانەکان، بێگومان ئەو پرسیارانەی کە پەرلەمانتارانیش هەیانبێت وەڵام دەدرێنەوە ئەوەش بەرچاوڕوونی زیاتر دەدات بە پەرلەمانی کوردستان”.












باسنیوز



Top