لە گوندێکی شنگال 150 قوتابی لەنێو خێوەتدا دەخوێنن

لە گوندێکی شنگال 150 قوتابی لەنێو خێوەتدا دەخوێنن
لە گوندی حەسەن لە شنگال 150 قوتابیی پۆلەکانی 1 تاوەکو 9 لەناو خیوەتێکدا دەخوێنن، پێداویستییەکانی خوێندنیان لە پەڕاو و قەڵام بۆ دابین نەکراوە، خەڵکی گوندەکە پێکەوە دوو ملیۆن دیناریان کۆکردووەتەوە و دوو ژووریان دروستکردووە بۆئەوەی بیکەن بە قوتابخانە.

قوتابییەک دەڵێت، باران دەچێتە ژوورەوە و خێوەتەکەیان تێکدەچێت، داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات خێوەتیان بۆ دابین بکەن.

ميروا مراد باوکی یەکێک لە قوتابییەکان دەڵێت، لەبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرگای قوتابخانەکان داخراون، منداڵەکانیان بێزار بوون و ئەوانیش قوتابخانەیان کردووەتەوە.

باوکی یەکێکی دیکە لە قوتابییەکان بەناوی حەجی کالو، دەڵێت، لەناو خۆیاندا پارەیان کۆکردووەتەوە و قوتابخانەیەکیان بۆ منداڵەکانیان کردووەتەوە.

حازم كچۆ، مامۆستا داوادەکات هەرکەسێک کە توانای هەیە هاوکارییان بکات، باسی لەوەش کردووە کە قوتابییەکان لە هەلومەرجێکی خراپدان و ئەگەر هان نەدرێن ناتوانن بەردەوامبن.

گوندی حەسەن دەکەوێتە باکووری چیای شنگال سەر بە ناحیەی سنوونێیە، نزیکەی 180 خێزانی تێدا دەژی، یەکەمجارە قوتابخانەی تێدا دەکرێتەوە.

47 قوتابخانەی خوێندنی کوردی لە شنگال هەبوون، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هێشتا دەرگای قوتابخانەکان نەکراونەتەوە، مەترسیی ئەوە هەیە زیاتر لە 10 هەزار قوتابیی خوێندنی کوردی ماندووبوونی ئەمساڵیان بەفیڕۆ بچێت.
rudaw -
Top