جووتیار عادل: چاوەڕوان دەکەین عێراق پێش کۆتایی ئەمساڵ پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای کورتهێنان بنێرێت
د. جووتیار عادل، گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هەوڵەکانی شاندی دانوستاندکاری هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی پڕکردنەوەی یاسای کورتهێنانی عێراق، دەستکەوتی باش بووە و لە هەمانکاتیشدا ئێمە چاوەڕوان دەکەین حکوومەتی عێراق بەر لە کۆتایی ئەمساڵ پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای کورتهێنان بنێرێت".
گوتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە دەرگای گفتوگۆی کراوە دەبێت لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئێمە بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە دەستوورییەکان و شایسەتە داراییەکان ناکەین".
جووتیار عادل ئەوەشی خستە روو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە هیچ بیانووێک نەماوە ببێتە رێگر لە رێکنەکەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە هەموو ئەو مەرجانەی کە لەچوارچێوەی دەستووردا هاتووە.
باسنيوز
