پۆلیسی ڕاپەڕین لەبارەی دۆزینەوەی بڕە پارەیەک لە سنوورەکە ڕوونکردنەوە دەدات

پۆلیسی ڕاپەڕین لەبارەی دۆزینەوەی بڕە پارەیەک لە سنوورەکە ڕوونکردنەوە دەدات
پاش ئەوەی هەواڵی دۆزینەوەی بڕی 80 هەزار دۆلاری سلێمان هەڵشۆیی لە گوندێکی سنوورەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراویەوە، پۆلیسی ڕاپەڕین زانیاری لەوبارەوە خستە ڕوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٣ی١٢ی٢٠٢٠ شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند: "هەواڵی دۆزینەوەی بڕە پارەیەکی بازرگانەکەی پشدەر (سلێمان هەڵشۆیی) لە گوندێکی سنوورەکە دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بڕە پارەیەک لەسەر ئەو دۆسیەیە نەدۆزراوەتەوە و هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێنەوە، دوورن لە ڕاستییەوە".

گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕاشی گەیاند: "تا ئێستاش لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی پشدەرەوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا دەکرێت و ئێستا 20 کەس لەسەر دۆسیەی ناوبراو لەلایەن پۆلیسی ڕاپەڕینەوە دەستگیر کراون و 50 کەسیش سکاڵایان تۆمار کردووە، 500 کەسی تریش ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا".

بەپێی زانیارییەکان تەنیا لە گوندی (دوو گۆمان) ی سنووری پشدەر کە دانیشتوانەکەی زیاتر لە 200 ماڵە، زیاتر لە 180 خێزانی سنوورەکە مامەڵەیان لەگەڵ (سلێمان هەڵشۆی) کردووە و بە مەبەستی مامەڵەکردن چەندین دەفتەر دۆلار و مەڕ و ماڵاتیان پێی داوە".















باسنیوز


Top