کچە سووتاوەکانی شیناوێی رۆژهەڵاتی کوردستان دادەمەزرێنرێن

کچە سووتاوەکانی شیناوێی رۆژهەڵاتی کوردستان دادەمەزرێنرێن
وەزیری پەروەردەی ئێران بڕیاری دا کچانی سووتاوی نێو قوتابخانەکەی شیناوێی پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان دوای وەرگرتنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس دابمەزرێنرێن.

لە وەڵامی نامەی چەند پەرلەمانتارێکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا لەبارەی دامەزراندنی کچانی زیانلێکەوتووی شیناوێی پیرانشار، موحسین حاجی میرزایی، وەزیری پەروەردەی ئێران بڕیاری دا دوای تەواوکردنی خوێندنی قۆناخی بەکالۆریۆس دابمەزرێنرێن.

قوتابخانەی بنەڕەتیی کچانەی گوندی شیناوێی پیرانشار رۆژی 2012/12/05 ئاگری گرت و بەهۆیەوە 29 قوتابی سووتان کە دوو کەسیان بەهۆی سەختیی برینەکەیانەوە مردن.

ئاگر شوێنەواری زۆری لەسەر جەستەی 15 کەسی دیکەشیان جێهێشتووە و سەرەڕای ئەوەی کە تائێستا چەندین نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، هێشتا بە روخسار و جەستەیانەوە ماوە.

دوای رووداوەکە حکومەتی ئێران رایگەیاند، تێچووی تەواوی چارەسەرکردنیان لە ئەستۆ دەگرێت. ئەگەر پێویست بکات رەوانەی دەرەوەی وڵاتیان دەکات، بەڵام نەیکردن.

هەروەها حکومەتی ئێران رایگەیاند، دایاندەمەزرێنێت و مووچەی مانگانەیان پێدەدات کە بڕەکەی ملیۆنێک تمەنە. تاوەکو ئێستاش قەرەبووی ماددیی تەواوی قوربانییەکان نەکراوەتەوە.
rudaw -
Top