بەرگریی شارستانیی سۆران هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

بەرگریی شارستانیی سۆران هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت، تەنها لەم چەند رۆژەی رابردوودا بەهۆی شۆرتی كارەباوە چەندین دوكان و ماڵی هاووڵاتییانی سنوورەكەمان سووتاون.

موقەدەم بەیار باڵەكی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران، رایگەیاند: "سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هەر چوار قەزاكانی (سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان ە رواندز) لەخۆ دەگرێت، كە لە سەرجەم قەزا و ناحییەكانی سنوورەكەمان بنكەی بەرگریی شارستانیی كراونەتەوە، بۆ ئەوەی لە هەر رووداوێكی لەناكاودا بتوانن بە زووترین كات فریای هاووڵاتییان بكەون و كۆنترۆڵی بكەن، بەداخەوە ئێستاش بەتایبەت دوای هاتنی سەرما و سۆڵە رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە روویان لە زیادبوون كردووە، كە چەندین دوكان و ماڵی هاووڵاتییان سووتاون، تەنانەت رووداوی ئاگركەوتنەوە لە دامودەزگاكان و بارەگا حیزبییەكانی دەڤەرەكەش هەبووە، زۆربەی ئەم رووداوانەش بەهۆی شۆرتی كارەبا بوون و زیانی زۆری ماددی بەر هاووڵاتییان كەوتووە".

ئەوەشی خستە ڕوو: "بەكارهێنانی سۆپا و ئامێرەكانی خۆگەرمكردنەوە و خراپیی كوالێت و بێباكی بەشێك لە هاووڵاتییان، هۆكاری سەرەكی بووە كە ببێتە هۆی ئاگركەوتنەوە لە ماڵ و دوكان و شوێنەكانیان، بۆیە ئەركە هاووڵاتییان پابەندی ڕێنوێنییەكانی بەرگریی شارستانیی بن و ماوە ماوە پشكنین بۆ ئامێر و تۆڕی كارەبایی ماڵ و دووكان و شوێنەكانیان بكەن، هەروەها لە كاتی خەوتن و چوونەدەر لە ماڵەكانیان سۆپای كارەبایی و ئامێرەكانی خۆگەرمكردنەوە بكۆژێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شوێنانەی كە ئەم ئامێرە خۆگەرمكەرەوانەی لێ دادەنێن، دڵنیا بن لەوەی كە مەترسیی ئاگركەوتنەوەیان لەسەر نییە".











باسنیوز


Top