نوێنەری سەرۆكی حكوومەت کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ بەرپرسانی كارگێڕیی پارێزگای هەولێر ئەنجام دا

نوێنەری سەرۆكی حكوومەت کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ بەرپرسانی كارگێڕیی پارێزگای هەولێر ئەنجام دا
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەك نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و جێگری پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرجەم بەرپرسانی كارگێڕی و ئەمنی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دا و تیشکی خستەسەر ئەوەی بە هەمان ڕوحییەت و دڵسۆزی و لەخۆبردوویەوە لەسەر ڕێگای د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری كۆچكردوو بەردەوامی بەکارەکان بدرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 22/11/2020، بە سەرپەرشتی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرجەم قایمقام و بەرپرسانی ئەمنی و بەڕێوەبەرەگشتییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دا، لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕای گەیاند: "لەدەستدانی د.فەرسەت سۆفی، خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەک بەتایبەتی شاری هەولێر، گیانلەدەستدانی هەموومانی خەمبار و تازیەبارکرد"

هەروەها باسی لەو هەنگاو و کارانە کرد کە پارێزگاری کۆچکردوو لەبەرنامەی کاریدا بوون بۆ خزمەتکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بەهاوڵاتییانی شاری هەلێر، لەوبارەیەوە دووپاتی كردەوە، پێویستە لەمەودوا بەهەمان ڕوحییەت و دڵسۆزی و لەخۆبردویەوە لەسەر ڕێگای خوالێحۆشبوو بەردەوامی بەکارەکان بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش "وەک سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکتان پێشکەش بکەین، گرنگ ئەوەیە بەهەموولایەکمان نەهێڵین هیچ کەلێنێک لەکارەکان دروست بێت".

دواتر هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت، سوپاس و ستایشی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کرد، بۆ هەموو ئەو پاڵپشتی و هاوکارییەی کە لە ڕابردوو و لەئێستادا لە پارێزگای هەولێر کردوویانە، وەکوو تیمی پارێزگا و تەواوی یەکە ئیدارییەکان و سەرجەم فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای هەولێریش "دڵنیایی دا هەروەک چۆن لەڕابردوودا شانبەشانی خوالێخۆشبوو د.فەرسەت سۆفی کارەکان ڕایی کراون، بۆلەمەودواش وەک یەکتیم هەموو هەوڵەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ و بەهەمان دڵسۆزی و شەونخونی و گەرم و گوڕییەوە کار دەکەین بۆ درێژەدان بە پلان و کار و بەرنامەکانی د. فەرسەت سۆفی و گەیاندنی خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی هاوڵاتییانی پایتەختی هەرێمی کوردستان و ڕێگەنادەین هیچ کەلێنێک لەکارەکاندا ڕوو بدات".













باسنيوز


Top