وەزارەتی شارەوانی: بەمزووانە 15 هەزار كارتی دیكە لە هەولێر تاپۆ دەكرێن
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات "ئێستا 15 هەزار كارتی دیكە لە سنووری پیرزین-كەرك2، گردەڕشە ئەسعەد، كەرتی بیریات تاپۆ دەكرێن و مامەڵەكانیان رەوانەی تێبینەرایەتیی تۆمارگەی خانووبەرەی عەنكاوە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆمارگەی خانووبەرەی هەولێر كراون، بۆ ئەوەی بە خێرایی رێكارە یاساییەكانی تاپۆكردنیان ئەنجام بدرێت."
سەبارەت بەو شوێنانەی کە دەست بە تاپۆکردنیان دەکرێت، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیێنێت "لەو 15 هەزار كارتەی بەمزووانە تاپۆ دەكرێن، پێنج هەزاریان دەكەونە سنووری پیرزین-كەرك2 و تەواوی رێكارەكانیان لەلایەن شارەوانیی هەولێرەوە تەواوكراوە و رەوانەی تێبینەرایەتیی تۆمارگەی خانووبەرەی عەنكاوە كراون و بەمزووانە تاپۆكانیان تەواو دەكرێت."
هەروەها شەش هەزار كارتی دیكەش لە سنووری گردەڕەشە ئەسعەد (بەشێك لە باغمرە شەهاب) لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە مامەڵەكانیان تەواوكراون و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارگەی خانووبەرەی هەولێر2 كراون بەمەبەستی تاپۆکردنیان.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، لە سنووری كەرتی بیریات نزیكەی چوار هەزار كارت بە مەبەستی تاپۆكردنیان مامەڵەكانیان لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر تەواوكراون و ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارگەی خانووبەرەی هەولێر1 كاریان لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی تاپۆكردنیان تەواو بكرێت و بدرێنەوە بە هاووڵاتییان.
ماوەیەك پێش ئێستا شەش هەزار كارتی دیكەش لە سنووری كەرتی باغمرە شەهاب تاپۆكران، وەزارەتی شارەوانی راشیدەگەیێنێت "پرۆسەی تاپۆكردنی كارتەكان لە رێگەی لیژنەیەكەوە بەردەوامی دەبێت و هەموو ئەو كارتانەی دیکە کە تاپۆ دەكرێن، كە تاوەكو ئێستا تاپۆ نەكراون."
رۆژی 1-10-2020 پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەسەر فەرمان و راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی باڵای هاوبەش بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و تاپۆ و نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر بۆ تاپۆکردنی ئەو زەوییانەی کارتیان هەبوو پێکهێنرا و، توانرا لەو ماوەیەدا لە ههولێر کە 120 هەزار پارچە زەوی کارتیان هەیە، 65 هەزاریان تاپۆ کراون، ئەمڕۆش شەش هەزاریان بکرێتە تاپۆ و دابەشبکرێت بەسەر هاووڵاتییان.
rudaw -
