چاودێرێک: كۆمەڵی ئیسلامی لە حكوومەتدا بەشداریی پێ نەكرا بۆیە مامەڵەیەكی ڕقئامێز بەرامبەر حكوومەت دەكات

چاودێرێک: كۆمەڵی ئیسلامی لە حكوومەتدا بەشداریی پێ نەكرا بۆیە مامەڵەیەكی ڕقئامێز بەرامبەر حكوومەت دەكات
چاودێرێكی سیاسی پێیوایە، هەڵوێستی ئێستای كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بەرامبەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرئەنجامی بەشداری پێنەكردنی ئەو حزبەیە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا.

كۆمەڵی ئیسلامی كە خۆی وەك حزبێكی ئۆپۆزسیۆن ناساندووە، لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی دژایەتیكردنی حكوومەت دەدات، بە ڕادەیەك كە دەست لە بڵاوكردنەوەی زانیاریی درۆ و نا دروستیش ناپارێزێت، باشترین نموونەش بابەتی ناردنی مووچەكەی بەغدا و كۆبوونەوەی عەلی باپیرە لەگەڵ مستەفا كازمی كە نووسینگەی كازمی هەر باسیشی نەكرد.

لەمبارەیەوە شاباز سیوەیلی، پارێزەر و چاودێری سیاسی لە شاری سلێمانی، ڕایگەیاند، کۆمەڵی ئیسلامی ئەو كاتەی لە کابینەی پێشووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا پێگەی ھەبووە، وەک پێویست کارەکانی لە خزمەتی خەڵکی کوردستان نەبوو: ”زیاتر وەکوو حزبێكی توندڕەو مامەڵەی کردووە و زۆر جار بەرپرسان و پەرلەمانتاران و كادیرانی باڵایان، ھانی خەڵکیان داوە بۆ ئەوەی توندوتیژی ئەنجام بدەن، پێشتر بە ڕۆژ لە حکوومەتدا بووە و بە شەویش ئۆپۆزسیۆن بووە“.

ڕوونیشی كردەوە، كۆمەڵی ئیسلامی زۆری حەز دەكرد لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا بەشداری بكات، بەڵام ”بەھۆی ھەڵوێستە نانیشتمانییەكانی بەرامبەر بە کوردستان، بەتایبەتی لەسەر پرسی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و پرسە نیشتمانییەکانی دیكە، ھەڵوێستێکی زۆر لاوازیان ھەبووە، بۆیە بەشدارییان پێ نەكرا، تەنانەت ھەڵوێستەکانی ئێستای کۆمەڵی ئێسلامی جۆرێکە لە کاردانەوەی ئەوەی کە بەشدارییان پێ نەكراوە لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان“.

ئەو چاودێرە پێیوایە حاڵەتێکی زۆر نۆڕماڵە حزبی ئۆپۆزسیۆن ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت، بەڵام ”پێویستە ڕەخنەکەی لە چوارچێوەی ئیتیکدا بێت، بەو مانایەی نابێت لەسەر ئەوەی بەشداریی حکوومەتیان پێ نەکراوە، ئەوان بەردەوام ھێرشی خۆیان ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو بکەن، بێگومان کاری سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە ڕەخنە لە کارەکانی حکوومەت بگرێت، نەوەکوو ئەجێندای سیاسیی تر تێکەڵی ڕەخنەكانی بکات“.

جەختیشی كردەوە، ھەڵوێستە سیاسییەکانی کۆمەڵی ئیسلامی لە چوارچێوەی دژایەتیكردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی دەبینێتەوە، ”ئەوەش وای کردووە پێگەی جەماوەریی ئەو حزبە دابەزێت، بۆیە ئەگەر ئەو حزبە بەو شێوازی توندڕەوییەی بەردەوام بێ و لەو قاڵبی توندڕەوییە نەیەتە دەرەوە، بەرەو پاشەکشەی زیاتر دەڕوات، چونکە لە دنیادا ئەو حزبانەی پۆپۆلیست و توندڕەون، بە شێوەیەکی گشتی پێگەی جەماوەرییان بەرەو لاوازی دەڕوات، چونکە خەڵکی ئێستا دەزانن ئەو حزبانە بەرژەوەندیی خۆیان دەوێ و سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵکی بوون“.










باسنیوز


Top