کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: ئاوارەکان بارگرانییەکی گەورەی ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان

کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: ئاوارەکان بارگرانییەکی گەورەی ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان
بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و هاتنەوەی سەرما و دەستپێکردنەوەی مەینەتیی ئاوارەکانی نێو کەمپەکان، لیژنەی باڵای بەهاناوەچوون و پاڵپشتیی ئاوارەکانی لە هەولێر کۆکردەوە، هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو هاوکارییەکە بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی هاونیشتمانیان.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داوایان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە بە ئەرکی خۆیان هەستن بۆ دابینکردنی پێداویستیی تەندروستی و پێداویستییەکانی دیکەی وەکو سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکانی خوێندن.

بۆ بڕیاردان و ئامادەکاریکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بڕیارە کۆبوونەوەیەک لە بەغدا بە ئامادەبوونی نوێنەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

خالید بەتال، وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاند "کۆبوونەوە هاوبەشەکە بە رێنمایی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی فیدراڵ دەبێت بۆ چاودێریکردنی پرس و گرفتەکانی ئاوارەکان، بۆ کۆتاییهێنانی ئەو دۆسیەیە لە ماوەیەکی نزیکدا".

حکومەتی عێراق، هەردوو وەزارەتی پلاندانان و کۆچ و کۆچبەرانی راسپاردووە بۆئەوەی پلانێکی تۆکمە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دابڕێژن و بۆ زستانی ئەمساڵیش خزمەتگوزاری بگەیەننە ئاوارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان.

ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی "حکومەتی هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ ئاوارەیەکی زۆر کردووەتەوە و خزمەتێکی زۆریشی کردوون بە هەموو پێکهاتەکانەوە، لەڕاستیدا ئەمە بارگرانییەکی گەورەی ئابوورییە بۆسەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لەم دۆخەی ئێستا کە عێراق و جیهان پێیدا تێپەڕدەبێت".

ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر هەن، زۆربەیان ئاوارەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن. حکومەتی هەرێمی کوردستان 38 کەمپی نیشتەجێی بۆ ئاوارەکان دروستکردووە. بۆ خزمەتگوزاریی ئاوارەکانیش، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 78 ملیۆن دۆلارە.
rudaw -
Top