جوان حەسەن: بەهۆی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئێستا كورد بە ناخۆشترین قۆناغەكانیدا تێدەپەڕێ
لە سێیەمین ساڵیادی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر كە تاقمێكی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەركردایەتیی لاهوور جەنگی ئەنجامیان دا، جوان حەسەن، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و كادیری پێشكەوتووی یەكگرتووی ئیسلامی ڕايگەیاند، بەهۆی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە، ئێستا كورد لە كەركووك لە هەموو ڕوویەكەوە بە ناخۆشترین قۆناغەكانیدا تێدەپەڕێت، ئێستا لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی كەركووك لاوازترین ئەو لایەنانەن كە لە شارەكە هەن، بەڕێوەبەرە كوردەكان ئێستاشی لەگەڵدابێ لەپۆستەكانیان لادەدرێن و عەرەب لە شوێنەكانیان دادەنرێت".
گوتیشی، ڕەوشی خزمەتگوزاری لە كەركووك خراپە، بەڵام پێش 16ی ئۆكتۆبەر وانەبوو و لەلایەكی تریشەوە خوڵ و خاشاك شاری كەركووكی تەنیوە و ژینگەی شارەكە پیس بووە.
سەبارەت بە هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، جوان حەسەن، گوتی هەوڵ هەبووە بۆ ئەم مەبەستە، بەڵام لەواقیعدا هیچ نەكراوە و هێزەكانی دەرەوەی شارەكە هەر لە شارەكەن و هەنگاوی كرداری بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك نەنراوە، ئەو بابەتەش خەریكە وەكوو پرسی جێبەجێنەكردنی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراقی لێ دێت، كە ئەوە چەند ساڵێكە تێپەڕیوە هێشتا ئەو ماددەیە جێبەجێ نەكراوە.
لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، سەدان هەزار هاووڵاتیی كوردی ناوچە كوردستانییەكان ئاوارە بوون و دەیان كەس شەهید بوون و زیاتر لە نیوەی خاكی باشووری كوردستان كەوتە ژێر دەسەڵاتی میلیشیا و هێزەكانی عێراق، تەنانەت هێزەكانی سەر بە تاقمە خیانەتكارەكەی نێو یەكێتییش چەك كران و تەنیا چەند پارچە چەكێكی بچووك لە بارەگاكانی حزبەكەیان لە كەركووك هێڵدرایەوە.
باسنيوز
