لە هەولێر هەڵمەتی چاندنی سەد هەزار دار دەستی پێکرد
بەمەبەستی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر، ئەمڕۆ هەڵمەتی پاییزەی دارچاندن دەستی پێکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15/10/2020، هەڵمەتی چاندنی سەد هەزار دار لە هەولێر دەستی پێ كرد، لەو ڕووەوە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: هەڵمەتەکەمان بۆ هەموو کوردستانە، کە ئەمڕۆ لە هەولێرەوە دەست پێدەکات و بۆ ئەو مەبەستەش هەموولایەنە پەیوەندیدارەکان بەشدار دەبن لە هەڵمەتی دار چاندن و پارێزگاریکردن لەو دارانەی کە دەیچێنین بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی بەرزبێتەوە، چونکە هێشتا ڕێژەی سەوزایی نەگەیشتووەتە ئاستی ستاندەر.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لەسەر هەڵمەكەتە، گوتی "ئەمڕۆ دەست دەکەین بەهەڵمەتی پایزەی دارچاندن و بۆ بەهاریش هەڵمەتی دیکە ئەنجام دەدەین، ئەمڕۆ لە سێ شوێنی هەولێر دەست بە هەڵمەتەکەمان دەکەین ئەوانیش پشت پارکی منارە و گەڕەکی هەولێری نوێ و گەڕەکی ڕۆشنبیری دەبێ."
داوای لە هاوڵاتیانیش کرد کە بە هەر بۆنەیەکی خۆشی خۆیانەوە، دارێک بچێنن و هەموانیش هاوکاربن لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی و دارەکانیش بپارێزن.
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستانیش گوتی: زیاد بوونی ڕێژەی سەوزایی جگە لە جوانکاری بۆ ناو شار و شارۆچکە و وڵاتەکان. کاریگەری پاراستنی تەندروستیشی هەیە، بۆیە هەموو لایەک لەسەر ئەوە کۆکن کە بابەتی گەشەپێدان بە ڕێژەی سەوزایی لە قسەوە بکرێتە کردار وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە هەولێر دەکرێت.
باسنيوز
