زیاتر لە پێنج هەزار کورد لە کوێت دەژین و بە زمانی دایک قسە دەکەن
کەمال ئاغا کوردی کوێتە دەڵێت "من خەڵکی سلێمانیم، لێرە خەڵکی ھەولێر و خانەقین ھەن، پاسپۆرتمان عێراقییە، پاسپۆرتی کوێتیمان نییە چونکە بڕیاری وا ئێمە ناگرێتەوە، ئەوانەی دەیانگرێتەوە دەبێت کۆن لێرە ژیابن، کۆنەکان دەیانتوانی وەریبگرن و ئێستا ئەوە نەماوە".
بەشێک لە کوردانی کوێت، هەموویان لەدایکبووی ئەو وڵاتەن. هەیانە دوو تاوەکو سێ جیلی لەوێ لەدایکبووە، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەکردنی یاسا، هەموویان وڵاتینامەی کوێتییان نییە.
ئەنوار رۆستەم کە کوردی کوێتە دەڵێت "ھیوادارم سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی کوێت شتێک بۆ ئەم کوردانە بکات، ئەمانە پاسپۆرتیان عێراقییە، کێشەیان ھەیە، بەڵکو حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کوێت شتێکیان بۆ بکات".
کوردانی کوێت سەرەڕای ئەوەی هەڵگری وڵاتینامەی عێراقین، لە شەڕی عێراق کوێتدا لایەنگری کوێت بوون و دوای داگیرکردنی کوێت لەلایەن سەددام حوسێنەوە زیاتر لە حەوت هەزاریان کۆچبەری ئەوروپا بوون.
کوێتییەکان شانازی بە دۆستایەتیی کورد و مانەوەیان لە کوێت دەکەن.
عەلی مەنسوری، هاووڵاتیی کوێتی دەڵێت "ھەڵسوکەوتیان زۆر جوامێرانەیە، ھەر قەومیەتێک بیت مادام موحتەرەم بێت، ھەڵسوکەوتیش لەگەڵی موحتەرەمانە دەبێت، من زیاتر لە 70 ساڵە ھاوڕێی کوردم ھەیە، لێرە لە کوێت، لە ئەمریکا و لە لەندەن، ئەوانەی رۆیشتوون ھیچ جیاوازییەک نییە بڵێن ئەمە عەرەبە و ئەمە کوردە، جیاوازی نییە کولتوورمان تێکەڵ بووە".
زۆربەی کوردانی کوێت نیشتەجێی پارێزگای حولین کە سەرەڕای ئەوەی بچووکترین پارێزگایە، بەڵام بەهۆی بوونی کارگە و کۆمپانیا بیانییەکان، یەکێک لە قەرەباڵخترین پارێزگاکانی ئەو وڵاتە لەڕووی دانیشتووانەوە.
rudaw -
