گەشتی وەزیری دەرەوەی یۆنان بۆ هەرێمی کوردستان هەڵوەشایەوە

گەشتی وەزیری دەرەوەی یۆنان بۆ هەرێمی کوردستان هەڵوەشایەوە
گەشتی نیکۆس دندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان بۆ هەرێمی کوردستان هەڵوەشایەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە فڕۆکەکەی گەشتەکە هەڵوەشاوەتەوە".

عەبدولخالق محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوررستان راگەیاند، بەهۆی ئەو کێشەیەوە "گەشتی وەزیری دەرەوەی یۆنان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ کاتێکی دیکە دواخرا".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسیشی لەوە کرد "هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان هەموو رێوشوێنەکانی پێشوازیکردن ئامادەکرابوون، بەڵام هۆکاری نەهاتنەکەی تەنیا بوونی کێشە بووە لە فڕۆکەکەدا".

ئەمەش لەكاتێكدایە كە نیكۆس دندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان بە سەردانێكی فەرمی رۆژی چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەم گەیشتە بەغدا؛ بڕیاربوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام سەردانەکەی ئەنجامنەدرا.

rudaw -
Top