تورکیا دەڵێت 'بەرپرسێکی باڵای پەکەکە'ی لە شنگال کوشتووە

تورکیا دەڵێت 'بەرپرسێکی باڵای پەکەکە'ی لە شنگال کوشتووە
ئاژانسی فه‌رمیی توركیا بڵاویكرده‌وه‌، تیمی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگریی نیشتمانیی توركیا "میت" به‌رپرسێكی باڵای په‌كه‌كه‌یان کردووەتە ئامانج و کوشتوویانە، کە یەکێک بووە لە فه‌رمانده‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال.

به‌گوێره‌ی ئاژانسه‌كه‌، فوئاد زه‌نگین به ‌نازناوی "سه‌رهات پاتنۆس" به‌رپرسێکی باڵای په‌كه‌كه‌ و یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە بووە له‌ شنگال، ماوه‌یه‌ك بوو له‌لایه‌ن "میت"ەوە چاودێریی جموجۆڵه‌كانی ده‌كرا و له‌ڕێگه‌ی تیمی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌ته‌كانیانەوە له‌ بۆسه‌یه‌كدا له‌ شنگال کوشتوویانە.

هەروەها جه‌خت له‌وه کراوەتەوە، ئه‌و به‌رپرسه‌ی په‌كه‌كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ی سه‌رپه‌رشتیی گواستنه‌وه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و ناردنی گه‌ریلاكانیان ده‌كرد بۆ باكووری كوردستان و توركیا.

تاوەکو ئێستا پەکەکە هیچ راگەیێندراوێکی لەبارەی کوژرانی ئەو بەرپرسە سەربازییەی بڵاونەکردووەتەوە.

فوئاد زه‌نگین ساڵی 1993 په‌یوه‌ندیی به ‌ریزه‌كانی په‌كه‌كه‌ كردووه‌ و به‌رپرسیار بووه‌ له‌ پێگه‌یاندنی گه‌ریلاكان و ناردنیان بۆ باكووری كوردستان و توركیا و ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی چه‌كداری دژی سوپای توركیا و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.

پێشتر ناوەندی پاراستنی گەل - نەپەگە رایگەیاندبوو، رۆژی 11ی ئەیلوول فەرماندەیەکیان بەناوی عەگید جڤیان لە هەرێمی بۆتان لە وان-ی باکووری کوردستان لەگەڵ دوو گەریلای دیکە بەناوی "هەبوون و جانفەدا" کوژراون.
rudaw -
Top