پەروەردەی هەولێر: بەشێوەیەکی کاتی وەرگرتنی قوتابیانی رۆژئاوای کوردستان راگیراوە

پەروەردەی هەولێر: بەشێوەیەکی کاتی وەرگرتنی قوتابیانی رۆژئاوای کوردستان راگیراوە
خەڵکی رۆژاوای کوردستان منداڵەکانیان بۆ ناونووسی پۆلی 1ی بنەڕەتی دەبەن بۆ قوتابخانەیەکی تایبەت بە قوتابیانی رۆژئاوای کوردستان، بەڵام کەسوکاری ئەو منداڵانە دەڵێن، نزیکەی 20 رۆژە دێن و دەچن و منداڵەکانیان وەرنەگیراون.

ئازاد فەرزندە، باوکی قوتابی دەڵێت "نزیکەی 20 رۆژە ئێمە دێینە قوتابخانەی کۆبانێ بۆئەوەی ناوی منداڵەکانمان تۆمار بکەین لە پۆلی یەکەم، بەڵام هیچ بڕیارێک نییە تاوەکو ئەوان تۆمار بکەین. بەڕاستی بەداخەوە، ئەمە هیچ کارێکی باش نییە، ئەو منداڵە پۆلی یەکە تاوەکو کەی نەخوێنێت، ئێستا وا دەوام دەستیپێکردووە، ئێمە کوردی رۆژئاوا هەموومان لێرە پەنابەرین".

جوان محەممەد باوکی قوتابییە و دەڵێت "هاتینە ئێرە تاوەکو منداڵەکانمان ناونووس بکەین، گوتیان ئێستا ناو تۆمارکردن بۆ سووریەکان نییە، ئینجا ئێمە چی بکەین؟ ئەو کوڕەی ئێمە تەمەنی بووە بە حەوت ساڵ، دەبێت بچێتە قوتابخانە، قوتابخانەی کۆبانێ گوتی، نابێت من ڕۆشتمە قوتابخانەیەکیدیکە ئەوانیش گوتیان بۆ سوریەکان ئێستا ناو تۆمارکردن نیە

بێریڤان عەبدوڵڵا، دایکی قوتابی گوتی "منداڵی من زۆر حەز بە چوونە قوتابخانە دەکات، هەر دەڵێت کەی تۆمارم دەکەیت؟ کەی دەڕۆمە قوتابخانە؟ ئەوە دوو مانگە ئاوام، شێت بووم لەبەر ئەو، هەر دەڵێت بۆ ناچمە قوتابخانە، تازە فایلی لەدەستم بینی، گوتی دایە دەچم".

لە هەولێر سێ قوتابخانەی تایبەت بە قوتابیانی رۆژئاوای کوردستان هەن. تەنیا لە قوتابخانەی کۆبانێ هەزار و 123 قوتابی لە پۆلی 1 تاوەکو 9ی بنەڕەتی هەن؛ ساڵانە نزیکەی 150 بۆ 200 قوتابیی پۆلی 1 لەم قوتابخانەیە وەردەگیرێن.

حەسەن خەلیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی قوتابخانەی کۆبانێ ئاماژەی بەوە کرد "دەچینە قوتابخانەکانی ناو گەڕەکەکانی هەولێر تایبەت بە قوتابیانی رۆژئاوای کوردستان، قبووڵ ناکەن، دەڵێن هیچ قوتابیی پەنابەری رۆژئاوا وەرناگیرێت، رەزامەندیی پەروەردەمان نییە، دێنە قوتابخانەی کۆبانێ، پۆلی یەک وەرناگیرێت، باشە تەنیا پێمان بڵێن ئەو منداڵانە بچنە کوێ؟"

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گشتیی هەولێر دەڵێت، هەموو قوتابییەکانی پۆلی 1ی بنەڕەتی ئەمساڵ بەشێوەیەکی کاتی وەرگیراون، بەڵام بۆ بەهەمیشەییکردنیان بۆ ساڵی خوێندنی ئەمساڵ چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەن.

عەبدولڕەزاق تەڵعەت، بەڕێوەبەری کاروباری تەکنیکی و ئەزموونەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی هەولێر رایگەیاند "نەمانگووت وەرنەگیرێن بەڵکو بە شێوەیەکی کاتی رامانگرت بۆئەوەی ئیشەکانیان رێک و پێک بکەین و نووسراوێکمان داوەتە وەزارەت سەبارەت بە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابییە سوورییەکان و لە زۆربەی قوتابخانەکان بەشێوەیەکی کاتی وەرگیراون، چاوەڕێی ئەو فەرمانەین بگەڕێتەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکان و وەزارەت سەبارەت بە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابییە سورییەکان".

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 34 هەزار قوتابیی رۆژئاوای کوردستان خەریکی خوێندنن، تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی شەش هەزار قوتابی لە دەرەوەی کەمپەکان و 10 هەزار قوتابی لەناو کەمپەکان دەخوێنن، 57 قوتابخانەی تایبەت بە قوتابیانی رۆژئاوای کوردستانیش لە هەرێمی کوردستان هەن، کە زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن.
rudaw -
Top