لە سلێمانی لە 15 رۆژدا پێنج ئەندامی خێزانێک بە کۆرۆنا دەمرن

لە سلێمانی لە 15 رۆژدا پێنج ئەندامی خێزانێک بە کۆرۆنا دەمرن
کۆرۆنا پێنج کەسی ماڵێکی لە 15 رۆژدا کوشت، تەنیا باوکیان داخزانی بڕبڕەی پشتی هەبووە، ئەوانی دیکە هەموویان ساخ و تەندروست بوون.

لوقمان پێنج خوشک، سێ برا، دایک، باوک، نەنک و پوورى تووشى کۆرۆنا بوون، پێنج کەسیان گیانیان سپارد. تەنیا باوکی نەخۆشى داخزانی بڕبڕەی پشتی هەبووە، ئەوانى دیکە لەسەر ساخى و بە ڤایرۆسەکە یەک لەدواى یەک بە کەمتر لە هەفتەیەک مانەوە بە تووشبوون و لە ماڵەوە مردوون.

لوقمان حاتەم، کەسوکاری پێنج قووربانیی کۆرۆنایە و دەڵێت، "براکەم یەکى مانگ تووشبوو، 5ى مانگ مرد. ئیتر کەسوکار هاتن و تۆزێک قەرەباڵخی دروست بوو. دوای ئەو باوکم گرتی و 11ی مانگ مرد. پووریشم گرتی و 18 مانگ مرد. نەنکم گرتی و 25ی مانگ مرد. دایکیشم گرتی و لە 26ـی مانگ مرد."

رەنگە رۆژانێک ئەو خێزانەش باوەڕیان بە رێکار و خۆپارێزیى نەبووبێت، لانیکەم بۆ مردنى یەکەم کوڕیان و دروستکردنى قەرباڵخى، مردنى چوارى دیکەیان هاتە سەری. ئێستا هەر ئەو خێزانە باشترین گەواهیدەر و بەڵگەیە بۆ ئەوانەى هەندێکیان کۆرۆنا بە سیاسى و هەندێکیشیان بە رەوای نەزانن.

لوقمان حاتەم دەڵێت، "ئێمە ئەوەتا دڵمان بەم کارەساتە سووتاوە. هیوادارم خەڵک لەو شوێنانەى کە قەرباڵخى هەیە، پابەند بن و وەک ئێمە ئەو ئازارە نەچێژن."

ژوورى ئۆپەراسیۆنەکانى سلێمانى کۆمەڵێک رێکار و داخوازیی نوێى راگەیاند کە لەوسەرى هەموویانەوە داواکارییە بۆ خۆپارێزی.

هێرش حەیدەر، سەرۆکى بۆردى رووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا لە سلێمانى راگەیاند، "ئەو شوێنانەى کە کەمالیاتن و بۆ کاتبەسەربردنن یان ناپێویستنن وەک کافتریا و یانەکان و شوێنەکانى پرسە و ئاهەنگکێڕان، لەم قۆناخەدا باشترە دابخرێن. ئێمە لە کارەساتداین، کاتى ئەو شتە ناپێویساتانە نییە."

ئەو رۆژانەی لە هەرێمی کوردستان کەرەنتینە بوو و خەڵک خۆی دەپاراست، رۆژانە تووشبوونی خەڵک لە پەنجەکانى دەست تێنەدەپەڕى و مردنیش دانە و دووان بوو، بەڵام ئێستا تووشبوون بووە بە سەتان و مردنیش دەیان.

rudaw -
Top