دێرسم؛ گەنجێک باوکی کوشت و دواتریش خۆی

دێرسم؛ گەنجێک باوکی کوشت و دواتریش خۆی
لە دێرسمی باکووری کوردستان، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کوڕێک تەقەی لە باوکی کرد و کوشتی، دواتریش خۆی کوشت.

موراد ئوچار، تەمەن 25 ساڵ و حوسەین ئوچاری باوکی کە تەمەنی 49 ساڵ بوو، دانیشتووی گوندی چڕتک ئاشن لە سنووری دێرسمی باکووری کوردستان، چەند رۆژێکە کێشەیان هەبووە، تەشەنەسەندنی کێشەکەش سەریکێشاوە بۆ کەوتنەوەی ئەو رووداوە.

دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2020، کێشەی نێوان باوک و کوڕەکە تەشەنە دەسەنێت و موراد بە تفەنگی راو تەقە لە باوکی دەکات و بە سەختی برینداری دەکات، دواتریش گیانی لەدەستداوە.

بەپێی گوتەی شایەتحاڵان؛ دوای ئەوەی حوسەین ئوچاری باوکی گیانلەدەستدەدات، موراد بە هەمان تفەنگ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. دوای ئەوەی دراوسێکان گوێیان لە دەنگی تەقەی تفەنگ دەبێت، دەچنە ماڵی ئوچار و دەبینن دوو تەرم لە هەمان شوێندا کەوتوون.

تەرمی هەریەک لە باوک و کوڕەکە گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری و پۆلیسیش دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
rudaw -
Top