مەسرور بارزانی لە دەڤەری ڕاپەڕین: حكوومەت بە ئەركی خۆی دەزانێ خزمەتێكی شایستەی دەڤەرەكە بكا
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دەڤەری ڕاپەڕین وتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە كرد، وێڕای پردی ستراتیژیی دەربەندی ڕانیە، چەند پڕۆژەیەكی دیكەشیان بۆ دەڤەرەكە داناوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 13/10/2020 مەسرور بارزانی سەردانی دەڤەری ڕاپەڕینی كرد بۆ دانانی بەردی بناغەی پردی دەربەندی ڕانیە و لە گوتارێكدا، ئاماژەی بەوە كرد كە دەڤەری ڕاپەڕین، رۆڵی گەورەیان لە شۆڕش و خەباتدا هەبووە و ڕاپەڕینیش لەو سنوورەوە دەستی پێ كرد و بە خوێنی خەڵكی ئێرە كوردستان رزگار كرا.
سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەش كرد، كە دڵخۆشە كۆمپانیای ناوخۆیی ئەركی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە گەورەیەی لە ئەستۆ گرتووە.
ئاماژەی بەوەش كرد، كە حكوومەت بە ئەركی خۆی دەزانێ خزمەتێكی شایستەی دەڤەرەكە بكا، بۆیە جگە لەو پڕۆژەیە، كە دەبێتە هۆی بووژانەوەی كەرتی گەشتوگوزار و ئاسانكردنی بازرگانی و كارئاسانی بۆ جووتیاران بۆ گەیاندنی بەروبوومەكانیان بە شوێنی دیكە، پڕۆژەی دیكەی وەك جووتسیادی بازاڕی ڕانیە و شەقامی 60 مەتریی قەڵادزێ و سەنتەری شێرپەنجەی مەمك و نوێكردنەوەی قوتابخانەكانی ڕاپەڕینیشیان لە بەرنامەدایە.
ئاماژەی بەوەش كرد، كە لە بەرنامەدا بووە، نەخۆشخانەیەكیش لە چوارقوڕنە دروست بكەن، بەڵام لایەنی تر ئەركەكەیان لە ئەستۆ گرتووە.
مەسرور بارزانی گوتیشی، كە بزاوتەكانی حكوومەت بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، وای كردووە لایەنە ناحكومی و حزبییەكان و خەڵكی خێرخوازیش بجووڵێن و بیر لە خزمەتی هاووڵاتیان بكەنەوە، "ئێمە دەستخۆشییان لێ دەكەین و پێویستە سەروەت و سامانی نیشتمان لە خزمەت هاووڵاتیاندا خەرج بكرێ، بۆیە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەكەین كە خزمەت دەكەن".
مەسرور بارزانی، سوپاسی خۆڕاگریی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ و مامۆستایانی كرد، كە بەردەوامییان بە ئەركەكانیان داوە.
باسنيوز
