نێچیرڤان بارزانی لە کوێتە و چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدات
بەپێی زانیاریەکانی خەندان، کەمێک پێش ئێستا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی هاوخەمی کۆچی دوایی میر سەباح ئەحمەد جابر و پیرۆزبایی لە نەواف ئەحمەد جابر بە بۆنەی دەستبەکاربونی وەک میری نوێی ئەو وڵاتە گەیشتە کوەیت.
نێچیرڤان بارزانی لەمیانی سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی کوەیت جەخت لە بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و کوەیت دەکاتەوە.
29ی مانگی رابردو، شێخ سەباح ئەحمەد جابر ئەلسەباح، میری دەوڵەتی كوەیت كۆچی دوایی كردوە و بەوهۆکارەش ماتەمینی لەسەرانسەری وڵاتدا راگەیەنرا.
سەباح ئەحمەد جابر ئەلسەباح، میری پێشوی کوەیت (تەمەن 91 ساڵ) لە ساڵی 2006ەوە وەک میری وڵاتەکەی دەستبەکاربو، لە ماوەی حکومڕانیدا میری کوەیت جەختی لە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ کێشە هەرێمایەتییەکان دەکردەوە لە دیارترینیان پرسی پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان چوار وڵاتی کەنداو بو لەگەڵ وڵاتی قەتەر.
دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی کوەیت رایگەیاند، نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح جێنشینی میری کوەیت وەک میری نوێی وڵات دەستبەکاردەبێت، کە ماوەی زیاتر لە 14 ساڵە پۆستی جێنشینی میری کوەیتی وەرگرتوە و لەوێستگەکانی کارکردنیدا چەندین پۆستی باڵای ئەو وڵاتەی بەڕێوەبردوە وەک جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆ.
نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح، میری نوێی کوەیت (تەمەن 83 ساڵ) ماوەی 14 ساڵ پۆستی جێنشینی میری کوەیتی بەڕێوەبردوە، ناوبراو برای میری کۆچکردوی وڵاتەکەیە و دوای هەفتەیەک لەدەستبەکاربونی سەباح ئەحمەد جابر ئەلسەباح لە 7ـی (شوباتی /2)ـی ساڵی 2006 وەک جێنشینی میری کوەیت دەستنیشانکراوە.
خەندان-
