لە هەرێمی کوردستان وەرزی دروێنەی برنج دەستیپێکرد
لە کێڵگەکانی باشووری کوردستان دەستکراوە بە دروێنەی برنج، نزیکەی 20 هەزار دۆنم زەوی کراوە بە برنجی کوردی و مەزەندە دەکرێت 15 هەزار تۆنی لێ بەرهەم بهێنرێت.
ئەو بەرهەمەی ئەمساڵ ساڵیەتی و هەر تەنەکەیەک بنەتۆو نزیکەی 150 تەنەکەی بڕیوە، دەشتی باتاس و هەریر یەکێک لەو ناوچانەی باشووری کوردستانن ئەمساڵ رووبەری 400 دۆنم زەوی بە برنج داچێنراوە و بەرهەمی ئەمساڵی زیاتر لە هەزار تۆن برنجی خڕ و سەدریە.
مەولود حەسەن, جووتیارە و دەڵێت، "برنج قازانجێکی باشی بۆ جووتیار هەیە. ئەوەی زۆری بچێنێت قازانجێکی باشی دەست دەکەوێت. سێرکە ئەوەی بنەتۆی دوو-سێ تەنەکەبێت، زیاتر لە 200 تەنەکە برنجی دەست دەکەوێت."
ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی رووبەری 20 هەزار دۆنم زەوی بە برنج داچێنراوە. ساڵی رابردوو نزیکەی 70 هەزار تۆن و ئەمساڵ زیاتر لە 100 هەزار تۆن برنجی خۆماڵی بەرهەم هێنراوە.
جووتیارانی دەشتی هەریر و باتاس بەرهەمی ئەمساڵیان بە ناوازە و دەگمەن باس دەکەن.
نەریمان عەبدوڵڵا، جووتیارە و دەڵێت، "ئەمساڵ لە هەموو ساڵێک باشتر بووە، هۆکارەکەشی باشیی ئاو و بەهێزیی زەوی بووە کە دەمێکە بەیار ماونەتەوە و ئاوەکەشی کانیاوە و ساردە."
عەلی حەمەدەمین، نوێنەری جووتیارانی هەریر باس لەوە دەکات، "بەشێوەیەکی گشتی برنجی باتاس و هەریر شەش مانگییە و لە رووبەری 400 دۆنم زەویدا هەزار تۆن بەرهەممان هەیە."
دوو جۆر برنجی کوردی هەیە: سەدری و خڕ، فرۆشتنی بەتەنەکەیە و ١٦ کیلۆگرام دەگرێت، نرخی یەک تەنەکە ٥٥ هەزار دینارەو ناو ناوبانگی برنجەکەش وایکردووە لە سەر جۆخین کریاریان بۆ بێت.
کارزان سەباح، جووتیارە و باس لەوە دەکات، "کڕیاری خۆمان هەیە؛ پێویستیمان بە بازاڕ نییە کە وەک تەماتە و خەیار لە پیکاب باری بکەین و بە دوای فرۆشتنیەوە ماندوو ببین. هەر جوتیارێک کڕیاری خۆی هەیە، پێشتر تەلەفۆنی بۆ کراوە ک ەچەند تەنەکە دەکڕێت."
برنج یەکێک لە بەرهەمە سەرەکییە کشتوکاڵییەکان و بۆ کڕینی بڕە پارەیەکی زۆر دەچێتە دەرەوە، بەرهەمی ناوخۆ تائێستا لە 6٪ـی پێداویستیی ناوخۆ پڕدەکاتەوە.
rudaw -
