دایکی سێ منداڵی نەخۆش: ژیانمان سەختە، بەڵام چی بکەین جەرگن

دایکی سێ منداڵی نەخۆش: ژیانمان سەختە، بەڵام چی بکەین جەرگن

سێ ئەندامی خێزانێک ماسولکەیان دەپووکێتەوە و کاتێک تەمەنیان دەگاتە 20 ساڵ لە دەست و پێ دەکەون و نەخۆشییەکەیان بۆماوەییە.

ئادەم کوڕێکیانە تەمەنی 31 ساڵە، ئازاری نەخۆشییەکی زگماک لەگەڵیدا گەورە بووە و دووەم منداڵی خێزانەکەیەتی. نەخۆشییەکە بە گەنجی پیری کردووە و هێزی رۆیشتنی بە قاچەکانی نەماوە. ئێشی جەستەی روحیشی پڕ ئازار کردووە و ماسولکەکانی پووکاونەتەوە.

دایکی منداڵەکان دەڵێت، "چەندی بڵێی ئەرکی گرانە. بە تەنیا پێم ناکرێت. دەیبەینە تەوالێت یان سەری دەشۆین، دەبێت بە دوو کەس بیکەین. ژیانمان زۆر قورسە، بەڵام چی بکەین جەرگە."

ئادەم عەلی، نەخۆشیی پووکانەوەی ماسولکەی هەیە و دەڵێت، "لە ژیانێکی زۆر ناخۆشدام ئێستا من کەوتوومەتە سەر عارەبانە ئەوەی لەسەر عارەبانەیە دەزانێت وەزعی کووە. بە شەو خەوم لێناکەوێت. بە رۆژیش لەبەر پشتم ناحەوێمەوە. بە نزیکەیی رۆژانە 15 کاژێر لەسەر عارەبانەم. ئەگەر ئاوێک بخۆمەوە سەرەکەیم پێ ناشکێنرێ و دەبێت بۆم بشکێنن، دەبێت بەدەممەوە بنێن، بڵندی بکەم و ئینجا ئاوەکە بخۆمەوە."

نەخۆشییەکی بۆ ماوەیی سێبەری بەسەر ئەو خێزانەدا خستووە. جگە لە ئادەم، خوشک و برایەکیشی تووشی پووکانەوەی ماسولکە بوون. زەیتوون تەمەنی 30 ساڵە و عومەریش 22 ساڵ، بوونەتە میراتگری ئەو نەخۆشییە. زەیتوون بەرەو ئەوە دەچێت کە وەکو ئادەم لە پێ بکەوێت. هەرچەندە عومەر هێشتا باشترە، بەڵام پێدەچێت ئەویش وەک خوشک و براکەی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا نەخۆشییەکەی زیاتر لە پێی بخات.

ئەحمەد عەلی، کاسبکارە و دەڵێت، "ئەو لیژنەیەی کە پێکهێنرا گوتیان چارەسەریان تەنیا لە دەرەوەی وڵات و چارەسەرەکەش تەنیا لە ئەڵمانیایە. پێشتر بینیومە ئادەم چۆن بووە، یانی ئەو قۆناخانەی تێپەڕدایە من لەوە دەترسم، ئینشاڵا بەوەش نەگات، ئەوانیش بگەنە ئەو ئاستەی."

زەیتوون عەلی، نەخۆشە و دەڵێت، "کە دەمانەوێت دانیشین، ناتوانین هەڵسینەوە. کە لە رێگا دەڕۆین، دەبێت یەکێک دەستمان بگریت ئەگەرنا بەردەبینەوە. ناتوانین بەسەر پلیکانە بکەوین، ئەگەر کەسێکمان لەگەڵ نەبێت، قەت ناتوانین ئاوا ئاسایی بڕۆین. داوام لە حوکمەت ئەوەیە بە هانامانەوە بێت."

عومەر عەلی، نەخۆشە و دەڵێت، "ژیانی من ئەوەیە. ئەگەر نەڕۆم بۆ هۆڵی وەرزش وەکو براکەم دەکەوم. من بینیومە ئەو چۆن وای لێهات بکەوێتە سەر عارەبانە. منیش رۆژبەڕۆژ خراپتر دەبم."

دکتۆر ئازاد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمارە و دەڵێت، "ئەو نەخۆشییە نەخۆشییەکی بۆماوەییە. بەهۆی بازدان لە جینەکان و ناتەواوی لە جینەکاندا لە باوانەوە بۆ منداڵەکان دەگوازرێتەوە. نەخۆشییەکە پەیوەندیی بە کۆئەندامی ماسولکەوە هەیە. بەتێپەڕبوونی کات ئەو ماسولکانە بێهێز دەبن و توانای کارکردنیان نامێنێت. کە توانای کارکردنیان نەما، دەپووکێنەوە. لە زانستی پزیشکیدا تاوەکو ئێستا چارەسەرێکی کۆتایی نەدۆزراوەتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانێت ژیانی ئاسایی خۆی بژی، پێویستی بە یارمەتی و خزمەتی تایبەتە."

ئەو خێزانە پێنج جار هەوڵیانداوە ئادەم بۆ چارەسەری ببەنە ئەڵمانیا. حازرن هەموو دارونەداریان لە پێناو چارەسەری ئەو نەخۆشانەیان بدەن، بەڵام هەر پێنج جارەکە هەوڵەکانیان بۆ وەرگرتنی ڤیزا بێسوود بووە.
rudaw -
Top