کێشەی تانکەرەکانی باشماخ و پەروێزخان چارەسەرکرا
تانکەرەکان لە هەردوو مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ و پەروێزخان بوون، ئازاد محەممەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیاند، مانەوەی ئەو تانکەرانە کە زیاتر لە هەزار دانەیان بەنزینیان هەڵگرتبوو، "مەترسیی زۆری" دروستکردبوو و مانەوەیان "کوالێتیی بەرهەمەکەیشی دادەبەزاند".
بە گوتەی ئازاد محەممەد ئەمین، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی راسپاردووە بەدواداچوون بۆ کێشەکە، "لە 10ـی مانگ لیوا چەتۆ پەیوەندی پیوەکردم و بەشداریمان کرد لە کۆبوونەوەیەک بە بەشداری سەر کۆنسوڵی ئێران و ئەوانیش نیگەران بوون لەو دۆخە".
ئێران لە کۆبوونەوەکە گوتویەتی، ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەبێت "لەوانەیە بیر لە رێگەی دیکە بکەنەوە". ئازاد محەممەد ئەمین لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە وایگوت.
دوای ئەوەی ئەو لیژنەیە لەگەڵ نوێنەری شۆفێرەکانیش کۆبوونەتەوە و داوکارییەکانیان وەرگرتوون، لیژنەکە سەردانی باشماخیان کردبوو، "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە لەو مەرزە بە ئامادەبوونی، نوێنەری پارێزگای سنە و مەریوان و سەر کۆنسوڵی ئێران، پاسەوانی سنوور و بەشی بازرگانی و ئابووری و بە سەرپەرشتی لیوا چەتۆ بەڕێوەچووە".
سەردانی لیژنەکە بۆ باشماخ و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەکان
کۆبوونەوەکە گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر چەند خاڵێک کە ئامانەن:
- ئەو هەزار و 700 تانکەرەی گیریانخواردبوو، بەشێوەی 50 بە 50 کێشەکەیان چارەسەرکراوە، نیوەی ئەو تانکەرانە دێنە نیو هەرێمی کوردستانەوە و نیوەکەی دیکەیشیان لە مەرزەکە بەتاڵدەکرێن
- بیمەیەکی "نزیکەی 500 دۆلار"ی کە لەو شۆفێرانە وەردەگیرا دەچوونە ئێران، هەڵگیرا
- ڤیزای شەش مانگی بە شۆفێرانی تانکەرەکان دەدرێت و دەتوانن "لەمسەر بۆ ئەوسەری ئێران و لە هەر شوێنێک بیانەوێت بار بار بکەن".
- لەسەر کۆی بابەتەکان رێککەوتین و ئاسانکاریی زۆرتر دەبێت بۆ شۆفێرەکانی خۆمان کە دەچن بۆ ئێران، هەم کۆمپانیاکان هەلی کاریان بۆ دەدۆزنەوە و هەم هاتووچۆ کردنیان ئاسان دەبێت
- بەرپرسیارێتی سەلامەتیی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان کاتێک دەچنە ئێران لە ئەستۆی ئێران دەبێت و دەبێت بیانپارێزن
rudaw -
