شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەغدا کۆدەبنەوە
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەغدا کۆدەبنەوە و سێ بابەت مژاری سەرەکی دەبن.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی سەردانی شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگەوە راگەیاند، "سبەی سێشەممە 2020/10/12 شاندەکە لە کۆبوونەوەکەدا ئەو بابەتانە تاوتوێ دەکات کەوا پێشتر هەردوولا لەسەریان رێککەوتوون و گفتوگۆیان لەسەر کردوون کە خۆیان لە سێ خاڵی سەرەکیدا دەبینێتەوە."
لەبارەی خاڵی یەکەمەوە جەبار یاوەر گوتی، "رێکاری کردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت کە لە کەرکووک، دیالە، مەخموور، موسڵ دەبن و دوو ناوەندی سەرەکیش لە هەولێر و بەغدا دەبن."
جەبار یاوەر ئاماژەی بەوە دا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش خاڵی دووەمی گفتوگۆی نێوانیان "تاوتوێی دروستکردنی هێڵێکی بەرگریی هاوبەش دەبێت لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا کە لەو ناوچانە لەبری ئەو هێڵە دەبێت کە هەر لایەنێک بە جیا دروستی کردووە و بەڕێوەی دەبات."
رێکاری سازدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دژ بە چەکدارانی داعش لەو ناوچانە مژاری سێیەمی دانوساندنەکانی نێوان شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت.
چوونی شاندەکەی وەزارەتی پێشمەگەر بۆ بەغدا لە کاتێکدایە کە 2020/10/05 مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارەکەیدا لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، ''لەبارەی ههماههنگیی ئهمنی و سەربازییەوە رێککهوتنێک لهنێوان وهزارهتی پێشمهرگه و لایهنە پەیوەندیدارەکانی حکومهتی فیدراڵدا کراوه کە بۆ دروستکردنی شهش ناوهندی هاوبهشی زانیارییە له دیالە، کهرکووک، مهخموور، موسڵ، ههولێر و بهغدا."
ساڵی 2019 دانوستاندن لەنێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکاندا دەستیپێکرد بە ئامانجی کاری پێکەوەیی. دواتر بەغدا گفتوگۆکانی راگرت بە بیانووی خۆپێشاندانەکانی عێراق. لە مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە دووبارە کۆبوونەوەکان دەستیانپێکردووەتەوە. بڕیارە کۆبوونەوەکان جارێک لە هەولێر و جارێکیش لە بەغدا بن.
rudaw -
