لە گوێر فەرماندەیەکی پێشمەرگە هەشت خانووی داگیرکردووە و چۆڵیان ناکات

لە گوێر فەرماندەیەکی پێشمەرگە هەشت خانووی داگیرکردووە و چۆڵیان ناکات

جاسم و براکانی 6 ساڵە چاوەڕوانی چۆڵکردنی خانووەکانیان دەکەن. لەدوای کۆنترۆڵکردنی گوێر 8 خانوویان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کراونەتە بارەگا. بەهۆی رادەستنەکردنەوەی خانووەکانیان ئێستا لە خانووی کرێدان.

جاسم محەممەد، خاوەنی خانووی داگیرکراوە و دەڵێت، "لە رۆژی ئازاکردنی گوێر لە 2014/08/12وە پێشمەرگە لەنێو خانووەکاندان تاوەکو ئێستا دەکاتە 6 ساڵ و 2 مانگ پێشمەرگەیان تێدایە. ئێمەش حەزدەکەین بێینە نێو خانووەکانمان. خانووی عەرەبەکانیان داوەتەوە، هی ئێمەیان تاوەکو ئێستا نەداوەتەوە."

یەکەی خەبات کە سەر بە فەرماندەیی سلێمانین لە یەکەی 80، لەنێو خانووەکان جێگیر کراون. ئەو 6 برایە چەند جارێک بە فەرمی داوایان لەو ‌هێزەی پێشمەرگە کردووە کە خانووەکانیان چۆڵ بکەن و رادەستیان بکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا داواکارییەکەیان قبووڵ نەکراوە.

لوقمان محەممەد، خاوەنی خانووی داگیرکراوە و دەڵێت، "تەنیا 3 مانگ لە خانووەکەمدا بووم، یەکسەر داعش هات و بەجێم هێشت. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا پێشمەرگە لە خانووەکانماندان. دوو جار بە نووسراوی فەرمی داوای خانووەکانمان کردووەتەوە، بەڵام ناماندەنەوە."

قاسم محەممەد، خاوەنی خانووی داگیرکراوە و دەڵێت، "کاسبیمان لێرەیە. ناهێڵن بچینەوە ناو خانووەکانمان. لێرە لە گوێر کرێچیین."

ئەو 6 برایە 3ـیان لە خانووی کرێدان و 3ـی دیکەیشیان بەهۆی بێئومێدبوونیان لە وەرگرتنەوەی خانووەکانیان، لە سنووری ناحیەی شەمامک خەریکی دروستکردنی خانوون.

سەقامگیرنەبوونی رەوشی ئەمنی و خراپیی دۆخی ئابووری دوو هۆکاری سەرەکیی رادەستنەکردنەوەی خانووەکان بوون. ئێستا چۆڵکردن و دروستکردنەوەی بارەگایەکی دیکە بۆ ئەو هێزە نزیکەی 5 ملیۆن دیناری پێویستە.

ئەرسەڵان مام وسوو، جێگری بەرپرسی میحوەری گوێر راگەیاند، "کاتێک چۆڵ بوون بارەگای پێشمەرگە چووەتە ناویان. نە ئێمە و نە پێشمەرگەکانیش لاریمان نییە و ناتوانین لاریشمان لە رادەستکردنەوەی خانووەکانیان هەبێت. ئامانجی ئێمە پاراستنی سەر و ماڵی خەڵکە، بەڵام پێویست بەوە هەیە بارەگایەکی دیکە بۆ ئەو پێشمەرگانە دابین بکرێت. لە قۆناخی یەکەمدا هەستیاریی دۆخی ئەمنی و خراپیی دۆخی ئابووری چۆڵکردنەکەی دواخست، بەڵام ئێستا سوێنگرەوەیەکمان دۆزیەوەتەوە بۆ ئەوەی ئەوان بگەڕێنەوە ناو خانووەکانیان."

لە سنووری گوێر زیاتر لە 25 بارەگای پێشمەرگە لەنێو خانووی خەڵکدان، لە مانگی 2ی ئەمساڵدا لیژنەیەک بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانیان پێکهێنراوە و لیژنەکە بە راپۆرت داوای لە فەرماندەیی یەکەی 80 کردووە لە بری ئەو خانووانە کابینە بۆ ئەو پێشمەرگانە دابین بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نە خانووەکان چۆڵکراون و نە کابینەش دابین کراوە.

rudaw -
Top