چەند بەڵگەیەک دەیسەلمێنن پەکەکە بەرپرسی ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕی تیرۆر کردووە
چەند مانگێک پێش ئەمڕۆ جەمیل بایک بە ئاشکرا لە میدیاکانی حزبەکەیەوە هەڕەشەی لە کادیرەكانی ئاسایشی باشووری کوردستان کرد و رایگەیاند ئیدی كارمەندانی ئاسایش دەبنە ئامانجی ئەوان.
کاتژمێر 5:30ی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 2020/10/8 لە گوندی بیگداودا غازی ساڵح ئالیخان بەرپرسی ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕی تیرۆر کرا.
دوای لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە، دەرکەوتووە کە لەلایەن (پەکەکە)وە تیرۆر کراوە و پێشتریش بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی تیرۆرکردنیان لێ کردبوو.
بەپێی ئەو وێنانەی کە لە بەدواداچوونێکدا دەستی (باسنیوز) کەوتوون، دەركەوتووە غازی ساڵح ئالیخان بەرپرسی ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕی هەر لە دوای تیرۆرکردنی لەلایەن پەکەکەوە، لە پەیجەکانی پەکەکەوە دەستخۆشی لە بکەرانی کراوە.
شێرزاد زەکەریا چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ بۆ (باسنیوز) گوتی “لە دوای ڕفاندن و ئیستیغلالکردنی منداڵانەوە کاتی ئەوە هاتووە کە سنوورێک بۆ سەرکێشیەکانی پەکەکە دابنرێت و چیدی هاووڵاتیانی باشووری کوردستان لەژێر هەڕەشە و ترسی پەکەکەدا نەژین، کە جگە لەوەی بووەتە هۆکاری چۆڵکردنی سەدان گوندی کوردستان ئەوە باج و سەرانەش لە گوندنشینان دەستێنێ و بووەتە هۆکاری سەرەکی تۆپبارانەکانی سنووری هەرێمی کوردستانیش”.
ئەوەشی خستەڕوو شوێنی خەباتی پەکەکە باکووری کورستانە، بەڵام ئەو سەنگەرەیان بەتەواوی چۆڵ کردووە و هەتاوەکو کات تێپەڕ دەبێت، روخساری ڕاستەقینەی خۆی زیاتر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و بە روونی دیارە کە ئامانج و ستراتیجی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان چیە و دەیەوێت لەو بەشەی نیشتماندا چی بکات.
گوتیشی ئێستا پەکەکە لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەستێوەردان دەکات و بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ هاتنی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان.
باسنیوز
