لە کەمپی بەردەڕەش پەنابەران لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا دەژین

لە کەمپی بەردەڕەش پەنابەران لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا دەژین
پەنابەرانی رۆژئاوا لە کەمپی بەردەڕەش لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا دەژین و هەر کەسێک مانگی 20 هەزار دینار وەردەگرێت.

مەنال بە دڵێکی خەمبارەوە پێداویستییەکانی دەشوات و بە دەم کارکردنەوە بیر لە چۆنییەتیی پەیداکردنی بژێوی بۆ ماڵ و منداڵ دەکاتەوە.

ئەو یەکێکە لە ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان کە ئێستا لە کەمپی بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک نیشتەجێیە. دایکی سێ منداڵە، وەکو زۆربەی ئاوارەکانی نێو کەمپەکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بێکار بووە و ئێستا بە مەینەتییەکی زۆر بژێوی منداڵەکانی دەستدەکەوێت.

مەنال فەرهاد، ئاوارەی رۆژئاوای کوردستانە و دەڵێت، "من کارم دەکرد و هەندێک پارەم دەست کەوت، بەڵام تەواو بوو. لەبەر ئەوەی دوو مانگە کارناکەم و تەواو بوو. سێ منداڵم هەیە، بەو خۆراکەی کە دابەشدەکرێن و بە هاوکاریی دراوسێکانمان بەڕێوەدەچین، سەری مانگ بۆ هەر کەسێک 20 هەزار دینار دەدەن. داهاتی ئێمە تەنیا ئەوەیە."

کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارەکان بۆ هاتنی وەزی زستان دەستی بە دابەشکردنی چادری نوێ بەسەر ئاوارەکاندا کردووە، بەڵام ئەوە دڵی دانیشتووانی کەمپەکەی خۆشنەکردووە، چونکە ئەوان دەڵێن: دابەشکردنی چادر کێشە داراییەکانیان چارەسەر ناکات و داواکاریی ئەوانە چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی بژێوی و خۆراک و پێداویستیی رۆژانەیە.

بێوار کەریم، بەڕێوەبەری کامپی بەردەڕەش راگەیاند، "رەوشی کەمپی بەردەڕەش بەراورد بە کەمپەکانی دیکە باشترە. کێشەی سەرەکیی کەمپەکە ئەوەیە کە دوای ئەوەی لە ساڵی 2014دا دروستکرا، جارێکی دیکە چۆڵكرایەوە. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کەمپەکە لە چادر دروست کراوە، دانیشتووانەکەشی داوا دەکەن وەکو کەمپەکانی دیکە خانوویان بۆ دروست بکرێت."

لە کەمپی بەردەڕەش 4 هەزار و 99 ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێن. نزیکەی 2 هەزاریان خەڵکی شارەکانی سەرێکانی و گرێسپین کە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و چەکدارەکانی نزیکیەوە ئاوارەبوون.

ئێستاش لەبەر بێکاری و سنووردارکردنی دەرچوون لە کەمپەکان بەهۆی کۆرۆناوە، نەبوونی هاتووەتە سەر کۆی مەینەتییەکانی دیکەی ئاوارەکان.
rudaw -
Top