ئەمریکا پێشوازی لە رێککەوتنی شنگال دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیوادارە کە رێککەوتنەکە رەوشێکی گونجاو دروست بکات بۆ گەڕانەوەی دڵخوازانەی ئاوارەکان بۆ شنگال کە بەهۆی داعشەوە ئاوارە بووبوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەبێت بەرژەوەندییەکانی شنگال و بەتایبەت قوربانییەکانی جینۆسایدی شنگال کاری سەرەکیی هەر پلانێک بن بۆ ئارامی و ئاسایشی شارەکە.
رۆژی هەینی 2020/10/09 شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کۆبوونەوەدابوون بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال.
حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەقی رێککەوتنەکەی نێوانیان لەبارەی شنگال بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، حکومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی شارەکە دەکات و دەبێت کۆتایی بە بوونی پەکەکە و هەموو ئەو گرووپانە بێت کە پەیوەندییان پێوەیەتی.
rudaw -
