لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە
لە راگەیاندراوەکەی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان کە تێیدا هاتووە: "بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو ڕێککەوتنەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ئیتیحادی لە بارەی دۆخی شنگال دەکەین، هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە ببێتە بناغەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی تەواوی ناوچە کوردستانییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی ۱٤٠ی دەستور".
ئاماژە بەوەش دراوە، "کە بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی دروستکردنی ئیدارەیەکی یەکگرتوو بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لەڕووی ئەمنییەوە لەو ناوچانە بونیان هەیە".
دەقی راگەیاندراوەکە:
بەخۆشحاڵیەوە پێشوازی لەو ڕێککەوتنەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی لە بارەی دۆخی شنگال دەکەین.
هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە ببێتە بناغەیەک بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی تەواوی ناوچەکوردستانییەکان و جێ بە جێ کردنی ماددەی (۱٤٠) ی دەستور.
ئێمە لە لیژنەی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، وێڕای ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی دانوستانكاری حكومەتی ھەرێم، ڕاپۆرتی تایبەتمان لەبارەی ڕەوشی ئەو ناوچانە ئامادەكرد و پێشنیاری دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی كوردستانمان كرد لەسەر ئەو پرسە و لە نزیكەوە چاودێری ڕەوتی دانوستانەكانمان دەكرد، بۆیە بە پێویستی دەزانین دەست خۆشی لە شاندی دانوستانكاری ھەرێم بكەین كە ماندوونەناسانە كاریان دەكرد لە پێناو بەدیھێنانی لێكتێگەیشتنی دوولایەنە لەگەڵ بەغدا و ئەركی خۆیان بە سەركەوتوویی بەجێگەیاند. ئێمەش وەکو لیژنە لە نزیکەوە چاودێری جێ بەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنە دەکەین.
لەگەل ئەوەشدا بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی دروست کردنی ئیدارەیەکی یەکگرتوو بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لەڕووی ئەمنی یەوە لەو ناوچانە بونیان هەیە.
پیرۆزبایی لە خوشك و برا ئێزیدییەکانمان دەکەین بەبۆنەی گەڕانەوەی سەربەرزانەیان بۆ قەزای شنگال و ماڵ و حاڵیان هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە دڵنەواییەك بێت بۆیان و کەمێك لە ئازار و مەینەتییەکانیان کەم بکاتەوە،کە بەهۆی تاوانە بێ وێنەکانی چەکدارانی داعش بەسەریاندا هاتبوو.
لە كۆتاییدا، وێڕای دەستخۆشی لە حكومەتی عێراق، پێویستە پابەند بن بە ناوەڕۆكی ئەم ڕێككەوتنە و بە ئەرك و بەرپرسیارییەتیان هەڵسن لە قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەوی خەڵكی زیانلێكەوتووی ئەو ناوچانە.
لیژنەی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان.
۱٠/۱٠/۲٠۲٠
باسنیوز
