بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری بەڕێوەچوو

بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی کۆبوونەکەدا ، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا ، کە هەرچەندە ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان بە گشتی، بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕن ، بەڵام کابینەی نۆیەم بەردەوامە لە کارکردن لە پێناو بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووری و بیناتنانی ژێرخانێکی ئابووری بە هێز و سەرکەوتوو ، کە هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا ، لە پێناو ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیجی .

لە بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەدا د.ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاپۆرتی لیژنەیەکی تایبەتی خستەڕوو سەبارەت بە کێشەی کوالێتی بەنزین وسووتەمەنی ھاوردەکراو لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا ، سەرجەم پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پەسەندکران ، لە نێویاندا گرنگیی یەکخستن و نوێکردنەوەی پێوەر و ستانداردە تەکنیکی و تەندروستی و سەلامەتیی و ژینگەیی پێوانەی کوالیتی سووتەمەنیەکان، لەسەر تاسەری ھەرێم، هەروەها ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی تاقیگەکانی ناوەندی پشکنینی کوالیتی سووتەمەنی لە ھەرێم و دابینکردنی ئامێری پشکنین وپێداویستیەکانی و ڕاسپاردنی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی بازرگانی و تیمەکانی چاودێریی بازرگانی ، بۆ بەدواداچوونی بابەتی کوالیتی سووتەمەنی ھاوردەکراو ، لە دەروازە سنوورییەکان و لە ناو عەمبارەکانی گلدانەوەی سووتەمەنی و بەنزینخانەکان و ڕێگرتن لەو کەسانەی، کە ماددەی کیمیایی نەگونجاو بەکاردەھێنن بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی بەنزین بە شێوەیەکی نادروست ، کە دەرئەنجامی نەرێنی و خراپی ھەیە لەسەر ژیان و سەلامەتی ھاووڵاتییان و ژینگەی ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای لێکەوتە داراییەکانی. ئەنجومەنی وەزیران، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ وەرگرتنی ڕێکاریی یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران.

لە کۆبوونەوەکەدا ، جەختکرایەوە لەسەر وەرگرتنی باج لەسەر قازانجی کۆمپانیاکانی ھاوردەکردنی سووتەمەنی ، بە مەرجێک ئەم ڕێکارانە کاریگەری نەبێ لەسەر زیادکردنی نرخی سووتەمەنی بۆ ھاووڵاتیانی بەکاربەر.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ، ھێڵە گشتیيەکانی پڕۆژە یاسای پاراستنی خاوەندارێتی ھزریی (حماية الملكية الفكرية) خستەڕوو بۆ پاراستنی مافەکانی خاوەندارێتی ھزری لە بوارە جیاجیاکانی ھونەریی ، ئەدەبی ، زانستی ، بازرگانی و پیشەسازیی ، لە پێناوی ھاندانی بزاڤی ھونەری و زانستی و پاراستنی مافی ئەوانەی لەم بوارانە کاردەکەن. لیژنەی قانونی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاسپێردرا ، پەلە بكات لە پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکە و ئامادەکردنەوەی بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی بکات تا ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. ئەم یاسایەش ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی ئابووری و ھاندانی کۆمپانیاکان بۆ پشتیوانیکردنی خاوەن مافە ھزرییەکان ، هەروەها ڕێگرتن لە ھەر دەستدرێژیی وپێشێلکارییەک لەسەر ئەم مافانە و بەرگرتن لە تەقلیدکردن و ساختەکردنی بەرھەمەکان و کێبڕکێی ناڕەوا.











باسنيوز



Top